ئەودیوی پەنجەرەكە

‌عەزیز ڕەئووف

(كە بە شەقامەكەدا ڕۆیشتم بەرەو ڕۆژنامەی ئاڵای ئازادی لە گردی عەلی ناجی شاری سلێمانی، بۆنی خوێن دەهات. خوێندكاری زانكۆ بووم وەك ئێستا بیرمە كە بە كۆڵانەكەدا گوزەرم كرد، كەس بە دەرەوە نەبوو، بۆن ساردێك دەهات وەك ئەوەی پێشتر لە كۆڵانەكە شتێك ڕوویدابێت.

لەسەر سوچی كۆڵانەكان چەكدار وەستابوون، بەڵام بێدەنگ و مات وەك ئەوەی كەتنێكیان كردبێت. تومەس دوێنێ ئێوارە لولەی تفەنگەكانیان چەندین فیشەكی پێدا تێپەڕیوە بەرەو سەیارەیەكی ئەندامانی حزبی كۆمۆنیست و دوای ئەوەی تەرمی پێنچ كەسیان لە سەر شەقامەكە هەڵدەدەنە دوای ماشێنێك و بەرەو گۆڕاستان دەیانبەن، نایەڵن كەس پرسەیان بۆ دابنێ. دەسبەجێ تەنكەری ئاو دەگات و شەقامە خوێناویەكە پاك دەكاتەوەو خوێن و پێست و توكە سەری قوربانیەكان لە زێرابەكەوە ون دەبن).

ئەمە چیرۆكەیەیە:

ئێران فشاری لە یەكێتی كرد كە حزبی كۆمۆنیست لە سلێمانی بێتامیان كردووە و لە ڕادیۆكەیانەوە هێرشیان دەكەنە سەر. كۆمۆنیستەكانیش كەوتبونە ژێر كاریگەری مەنسوری حیكمەت  كە سەركردەیەكی چەپی ئێرانی بوو. پێشتریش مەلاكان چبوونە لای مام جەلال و پێیان وتبوو (كۆمۆنیستەكان ناخۆشیان كردووە، حەلیان دەكەن یان خۆمان حەلیان بكەین؟). ئەوان لە ڕادیۆكەیانەوە زمانی زبریان بەرامبەر بە ئێران و یەكێتی و مەلاكان بەكار دەهێنا.

ئەو ڕۆژە مام جەلال سەفەری كردبوو، بیرمە هەر مام جەلال سەفەری بكردایە یەكێتی دەیدا بەسەری حزبێكدا و شەڕێك ڕوویدەدا. مام جەلال كەسێكی كۆمەڵایەتی بوو دەیزانی خەڵك پەنای بۆ دەبەن بۆ كۆتاییهاتنی هەر شەڕێك، بۆیە هەركات یەكێتی بڕیاری شەڕی بدایە مام جەلال بۆی دەردەچوو.

چەند مانگێك بوو هەڵبژاردنی شارەوانیەكانی ئیدارەی سلێمانی ئەنجام درابوو، یەكگرتووی ئیسلامی دەنگی زۆر و كۆمۆنیستەكان كەمترین دەنگیان بەدەست هێنابوو. ئەمەش چانسی ئەوەی بە یەكێتی دابوو كە ئەگەر لێشیان بدەن ئەوان ناتوانن شەقام بجوڵێنن چونكە خەڵكیان لەگەڵ نیە.

بارەگای حزبی كۆمۆنیست لە گردی عەلی ناجی بەرامبەر ماڵی نەوشیروان مستەفای جێگری سكرتێری یەكێتی بوو، ژنە چەكدارەكانی ئەو حزبە بەچەكەوە دەهاتنە سەربانی بەرامبەر پەنجەرەكەی ماڵی كاك نەوشیروان و ئەوەندەی تر توڕەی دەكەن. یەكێتی بە بیانوی خستەدەرەوەی بارەگای حزبەكان لە سلێمانی داوا لە كۆمۆنیستەكان دەكەن بارەگاكەیان بەرنە دەرەوەی شار. گرژی دروست دەبێت و وەفدێكی حزب دەچنە ماڵی كاك نەوشیروان وەك جێگری سكرتێری یەكێتی بۆ چارەسەركردنی كێشەكە.

لەكاتی قسەكردن لەگەڵ وەفیدەكە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان دەنگی تەقەیەكی زۆر لەدەرەوە دەبیسترێ، نەوشیروان مستەفا دەچێتە بەردەم پەنجەرەكە و پەردەكە لادەدا و تەماشای دەرەوە دەكات و دەڵێ:
كۆبوونەوەكەمان تەواو برادەران،  پێویست بە كۆبوونەوە ناكات.
………………………………
(تیرۆركردنی 5 ئەندامی حزبی كۆمۆنیست لە سلێمانی لە ڕۆژی 14-7-2000)


PM:07:03:14/07/2020

ئه‌م بابه‌ته 1880 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی