حیکایەتی ئێوارەیەکی تەمموز

‌عەزیز ڕەئووف

تەمموز مانگێکی گەرم و تاقەتپڕوکێنە، من بە گەرما تەواو وەڕس دەبم، زستانم پێ خۆشترە. لەگەڵ هاوسەرم بۆ پێداویستی ماڵ دەچینە بازاڕ. منداڵان بەدیار تەکنەلۆژیاو مۆبایلەوە تاقەتی دەرەوەیان نەماوە. جاران دەبوو منداڵ بەزۆر بهێنیتەوە ماڵ بەڵام ئێستا منداڵ بە پاڵیش ناچێنە دەر.

کە دێینە دەرەوە لە ماڵ، تەنەکەی خۆڵ لە ناوەڕاستی کۆڵانەکە فڕێ دراوە، بەمە دەردەکەوێت کارمەندانی شارەوانیش تاقەتیان نەماوە و کە زبڵەکە لە سەیارە ڕۆ دەکەن هەتا هێزیان تێدایە تەنەکەی خۆڵ فڕی دەدەن. ئیدی لەبەردەرگاوە بێتاقەتی دەبنینی.

بەشەقامی مەولەویدا تێدەپەڕم. خەڵکی زۆر بێتاقەتن. بە ئەستەم پێکەنین لە لێوی کەس و دڵخۆشی لە ڕوخساری کەس دەبینرێ. زۆربەی دوکانەکان داخراون هەندێکی لەبەر نەبوونی کڕیار، هەندێکی لەبەر کرێی دووکان. هەستم کرد سواڵکەر کەمی کردووە، ئەوانیش دەزانن کە خەڵک پارەی پێ نیە و بازاڕی ئەوانیش کز بووە. منداڵێک وەک پاڕانەوە پێشم دەگرێ و دووسەد و پەنجای پێ دەدەم تەواو دڵخۆش دەبێت.

دەچینە بەردەم مزگەوتی گەورە. هاواری فرۆشیارانیش وەک جاران نیە، ئەم بێتاقەتیە سەوزەفرۆشەکانیشی گردۆتەوە. تەمانە کیلۆی بە دوسەد و پەنجا دینار، بە شەرمەوە کڕیم و خەیاڵم لای جوتیارە، ئەم تەماتەیە بە چەند لە جوتیار کڕدراوە وا لەناو شار ئەوەندە هەرزانە. سەوزە خراپ نیە بۆ ئەم وەرزە، پەتاتە بۆ منداڵەکان و بیبەری سەوز لەگەڵ یاپراغی گەڵامێو یەکاو یەکە. بانجانی ڕەش و لوس بریقەی دێ ئەوەندە هەرزانە دەخوازی هەمووی بکڕی. سەوزە هەشت دەسک بە هەزار، بە گوێی هاوسەرمدا دەچرپێنم: جەرجیر بکڕە دەڵێن بۆ سێکس یەکا و یەکە، هاوسەرم مشتەکۆڵەیەکم پیادەکێشی و دەڵێ: بێناموس.

ئەو بازاڕە سەوز دەچێتەوە بەڵام وەک جاران شەوق و زەوقی تێدا نیە، جاران کە دەهاتم بێزار دەبووم لە دەنگی هاواری فرۆشیاران، ئێستا کە بێدەنگن حەزم دەکرد هاوار بکەن، ئاخر بازاڕ بە دەنگەدەنگ و وەرە بۆی و ئەوەی نەیکڕێ پەشیمانە و خەیاری گوڵبەدەم بەرەوەوە جوانە بەتایبەت دەنگی ئەو گەنجانەی کە دەستیان لەسەر دەمیانەوە چەماندۆتەوە تا دەنگەکە بەرزتر بێت. جاران لەدەنگیانان بێزار بووم ئەمڕۆ حەز دەکەم دەنگیان ببیستم. ئەوە چیرۆکێک هەیە پیرەمێردەکە تەواو لە پڕخەی خەوی پیرەژنەکەی هاوسەری بێزارە و خەوی لێناکەوێ، ڕۆژێک پیرەژنەکە دەمرێ و پیرەمێردەکە بیری پڕخەی هاوسەرەکەی دەکاو خەوی لێناکەوێ، بیری دەکەوێتەوە شەوێک دەنگی پڕخەی هاوسەرەکەی ڕیکۆرد کردووە، ئیدی پیرەمێردی تەنیا بە پڕخەی ڕیکۆردکراوی پیرەژنی هاوسەری نەبێت خەولێ ناکەوێ.

من و هاوسەرم دەستمان پڕ لە عەلاگە و هاوسەرم پێم دەڵێ با دەستێکت بەتاڵ بێت جوان نیە هاوڕێیەک یان کەسێک سڵاوت لێ بکا تۆ هەردو دەستت گیرابێت، ڕاست دەکا هەردوو دەستت گیرابێت و وڵامی سەلامی کەسێک بدەیتەوە تەنها سەر و لووتت بۆ سەرەوە دەجوڵێنی. بە شەقامی مەولەویدا دێینە خوار و تەواو بێزارم لە هەڵگرتنی عەلاگەی میوە و سەوزە. هاوسەرم دەڵێ هەناسە بەخوا لێرە میوە و سەوزە زۆر هەرزانە و پارەیەکی زۆرمان بۆ دەگەڕێتەوە. بەدەم ڕێگاوە دەڕۆم و سوتفە شاعیر و وەگێڕ دلاوەر قەرەداغی دەبینم لە عەرەبانەیەک شتێک دەکڕێ نازانم چییە.

سڵاو کاک دراوەر باشی؟
سڵاو کاک عەزیز باشی چاوەکەم؟
هەردووکمان پرسیارمان کرد، کەسمان نەمانوت باشین. پێدەچوو ژیان بە دڵی هیچمان نەگوزەرێت.

کە ڕەت دەبم ئاوڕ دەدەمەوە حەزم دەکرد بزانم دلاوەر چی دەکڕێ بۆ خواردن تا منیش ئەو تاقەتەی ئەوم هەبێ بۆ شیعر و وەرگێڕان، ئەویش تەماشای عەلاگەکانی دەستم دەکا ڕەنگە لە دڵی خۆیدا بڵێ: ئەم عەزیزە هەر خەریکی خواردنە. دلاوەر قەرەداغی (نایادەوەری) ئەندرێ مالرۆی وەرگێڕاوە کە قەبارەکەی زۆر گەورەیە، پارسای کوڕم هەمیشە دەڵێ ئەمە نایادەورەیە ئەوەندە گەورەیە ئەگەر یادەوەری بوایە دەبوو چەند گەورە بوایە.

خەیاڵم دەڕوا بۆ سەرەتای نەوەتەکان ماڵمان لە ناحیەی تەکیە بوو. لە تەلەفزیۆنی گەلی کوردستانەوە خوێندنەوە بۆ کتێبێکی دلاوەر قەرەداغی دەکرا بەناوی (تەیرەکانی ئیسماعیل)، هاتمە گراجی سلێمانی و بە سایەقێکی بەتەمەنم وت ئەوە پارە کە چویتە سلێمانی کتێبی ( تەیرەکانی ئیسماعیل) م بۆ بێنە، سایەقەکە هیچ حاڵی نەبوو وتی: تەیری چی؟ تەیر هەر لە ژێر پردەکە هەیە چ تەیرێکت دەوێ بۆت دەکڕم. زۆری پێچوو تا تێمگەیاند ئەوەی داوای دەکەم کتێبە و لەبەردەرکی سەرا هەیە.

دلاوەر لەو شاعیر و وەرگێڕانەیە حەسودی پێ دەبەم. ئەو دەنگێکی زۆر تایبەتی هەیە بۆ شیعر خوێندنەوە، کە بێتاقەت دەبم گوێبیستی شیعرەکانی دەبم، شیعری ( لە گڕگاشە دابەزین هەیە) چەندین جار گوێم لێ گرتووە و هیوام خواستووە کە من بمنوسیایە.

بەبەردەم باخی گشتیدا دەڕۆم وەک جاران قەرەباڵغ نیە. سەیری ناوەوە دەکەم و لەسەر چیمەنەکە بۆ پاشماوەی پیاوێک دەگەڕێم کە چەند ڕۆژێک پێش ئیستا لەبەر هەژاری خۆی سوتاند. هیچ شوێنەوارێکم نەبینی و تەواو بێتاقەت بووم کە لەسەر چیمەنەکە پیاوانێکی زۆرم بینی دانیشتبوون. هاوسەرم دەڵێ بۆ لەم باخە ئیسراحەتێ نەکەین؟ من ڕەتم کردەوە هەستم کرد بۆنی سوتاوی پیاوێک دێت کە کەسمان فریای نەکەوتین. هەستم کرد خەریکە مەرگی مرۆڤ ڕامان ناچڵەکێنێ و مردن دەبێتە کردەیەکی تەواو ئاسایی و هەموومان لەگەڵ دۆخەکەدا ڕادێین. بیردۆزێک هەیە بۆ ئێستای دنیای ئێمە دەبێت. بۆقێک بگرە و هەڵیدە ناو ئاوێکی گەرمەوە ئیدی بۆقەکە خۆی ڕادەپسکێنێ و دێتە دەرەوە، بەڵام ئەگەر هەمان بۆق بخەیتە ناو مەنجەڵێک ئاوێکی سارد، ئیدی دەچێتە ژێرەوە و هەڵدەکوڕمێ، مەنجەڵە ئاوەکە بخەرە سەر ئاگر ئیدی وردە وردە بۆقەکە لەگەڵ گەرمیەکە ڕادێ و ئیتر دەمرێ. دۆخی دنیای ئێمە بەم شێوەیەیە و خەریکە هەموومان لەگەڵ دۆخەکەدا خۆمان ڕادێین و وەک پیاوە سوتاوەکەی باخی گشتی کە نە دەزانین ناوی چیە و نە لە خەمی تێگەیشتین و ئێوارەیەک مردنی لە ژیانی پێ باشتر بوو و لەگەڵ ئاگردا جێی هێشتین.

وردە وردە بەرەو ماڵ دەبینەوە. هیچ چێژێکم لە پیاسەکە نەبینی جگە لە هەواڵپرسینی دلاوەر قەرەداغی. ئیدی گەڕاینەوە بۆ لای منداڵەکان و کە سفرە دادەخەین کۆنترۆڵەکەم بەدەستەوە دەگرم و لە بەرنامەی تاوتوێ هەڵسوڕاوێکی گۆڕان وتی: (چاکسازی ڕێگەیەکی درێژە و بە ڕۆژێک و دوڕۆژ نایەتە دی)، ئەوەندەی تر بێتاقەت بووم و تەلەفزیۆنەکەم کوژاندەوە و ڕقم لەم هەموو قسەکەرە بێ کردارە هەستا کە بە هەموویانەوە لەگەڵ دۆخێکی نەخوازراودا ڕامان دەهێنن. وێنەی تەرمی پیاوە سوتاوەکەی باخی گشتیم هاتەوە یاد، دەبێ چەندمان پێویست بێ تا ئاگر لە جەستەی مرۆڤێک دوور بخەینەوە؟

دەستم دایە مۆبایلەکەم و لە گەرمایا بیری بەفر دەکەم، سایتی یوتوبم کردەوە و خستمە سەر شیعرەکەی دلاوەر قەرەداغی:
تا باڵای مردن بەرفر باریوە
لەو سەری کۆڵانەوە شتێکم بە دەنگی بەرز درکاند


PM:06:35:04/07/2020

ئه‌م بابه‌ته 1848 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی