عەسری ژن

‌عەزیز ڕەئووف


ژن دنیای ئێمەی داگیر کردووە. هەم ڕیکلام و بە بوکەڵەکردن هەم داپۆشین و نیقاب، هەم بەهەشت لەژێر پێی ژنایە ، هەم شەرەف لای ژنە و دەبێ بیکڕینەوە، گۆرانی بەسەر ژنایە و مەرگیش بۆ ژن، لەم دنیا ژنێک و دوان وسیان بۆ یەک پیاو، لەو دنیاش حەفتاو دوو ژن بۆ یەک پیاو. لێرە ژن و لەوێش ژن، ژن دەرونی زۆرێک لە خەڵکی داگیرکردووە. ژن وای کردووە کە ئەم جۆرە لە خەڵک تەنها جەستەی ژن ببینن نەک دەرونی.

ئەوەی ژن دەکاتە بوکەڵە و ڕیکلام و بە بەرنامە ڕووتی دەکاتەوە، لەگەڵ ئەوەی ژن دادەپۆشێ لە نیقابی هەڵدەکێشێ یەک مەعدەنن و یەکتری تەواو دەکەن. پێویستمان بە هێڵی سێیەمە، ژن وەک خۆی ببینین، ژن وەک مرۆڤ نەک وەک فریودەر و جەستە و سێکس. ئەوەی ژن وەک جەستە ببینێ هیچ نیە جگە لە مەخلوقێک خاڵیە لە مرۆڤبوون و تەنها بۆ تێرکردنی حەزەکانی بیر لە ژن و جەستەی ژن دەکاتەوە.

ژن نە ڕووت دەکرێتەوە، نە دادەپۆشرێ، ئەوە خۆیەتی بەرگری لە جەستەی خۆی دەکا، زوڵف و ئەگریجەی ژن هی خۆیەتی و ئەوەی تەنها بیر لە دەرکەوتنی ئەگریجە وەک لادان لە دین دەکاتەوە، لەگەڵ ئەوەی جەستەی ژن وەک بوکەڵەیەک بەکاردێنێ، یەک مەعدەن و یەک عەقڵیەت و یەک جیهانبینین و یەکتری تەواو دەکەن، دنیا پڕ دەکەن لە دەنگە دەنگ و بیرمان دەبەنەوە کە ژن وەک خۆی ببینین، خۆی و بەس.

نە نیقابی خەلیج و نە بە بوکەڵەکردنی ژن لە دنیای سەرمایەداری، کۆمەک بە ژن لە دنیای ئێمەدا ناکات و هەردوکیان تەواوکەری ئەکترن کە تەداخولە لە ژن وەک خۆی و خەون و حەز و ئاواتەکانی.

ئەوەی ژن لە شاشەکانەوە، لەڕێگەی زنجیرەی تەلەفزیۆنی و بەرنامە بێتامەکانیەوە ڕووت دەکاتەوە، لەگەڵ ئەو بیرکردنەوە خەلیجیەی نیقابێکی ڕەشی بەدەستە بۆ داپۆشینی ژن، یەک مەدرەسەن و یەکتری تەواو دەکەن و هێڵی سێیەممان بیردەبەنەوە بۆ بیرکردنەوە لە ژن لە دایک لە مرۆڤبوون، شتێکی ترمان بیر دەبەنەوە، ئەویش بیرنەکردنەوە لە کەرامەتی ژن و بیرکردنەوە لە کەرامەتی مرۆڤ. ژن نە دەکرێتە بوکەڵەی سەر شاشە و نە دادەپۆشرێ، ئەوە ژنە بڕیار لە جەستەی خۆی دەدا نەک شاشە و مینبەر.

خەلەل لە ژندا نیە، خەلەل چاو و دەرون و بیرکردنەوەی مرۆڤدایە بۆ ژن، بۆیە دەبێت چاوەکانمان بشۆین و بە شێوازێکی تر تەماشای ژن بکەین.


AM:11:32:04/02/2020

ئه‌م بابه‌ته 2328 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی