ڕەنگی تر، دنیایەکی تر

‌عەزیز ڕەئووف

یەکەم: تۆ کە دنیا بە ڕەش و ڕەساسی دەبینی، دەرکەوتنی نەوەیەک بە ڕەنگی ترەوە بۆتۆ شۆک دروست دەکات. تۆ کە کۆمەڵگە ڕەشپۆش و ڕەساسیپۆش دەکەی بۆتۆ سەیرە نەوەیەک بە ڕەنگی تر و فۆرمی ترەوە ببینیت.

دووەم: نەوەکانی ئێمە بەرهەمی ئەو پەروەردەیە کە پاوڵۆ فرێری باسی دەکا، کە تۆ لە پەروەردەدا ڕەنگی ڕەش لە مێشکت دەخرێت وەک جۆرێ لە پەروەردەی بانکی، زانیاری لە مێشکت دەخزێنرێت بێ بیرکردنەوە،  ئیتر ئەوەی ڕەش نەبێت ڕاست نیە. It is not black، it is not real . تۆ دنیا وەک ڕەنگی ناوەوەی خۆت دەبینیت نەک وەک ئەوەی کە هەیە.

سێیەم: زۆرینەی خەڵکی کوردستان ڕوو دەکەنە مزگەوتەکان و کەمینەیەک دەچن بۆ ڤیستیڤاڵی ڕەنگەکان، قبوڵنەکردنی ئەم کەمینەیە خۆی بۆخۆی ستەمکارییە. تۆ دەتوانی لەناو فامیڵی خۆتدا چی دەکەیت بەڵام تەداخولکردن لەویتر ستەمکارییە بەپلەی ئیمتیاز.

چوارەم: ئەم هەموو کوشتنەی ئینسان و دەبینیت و  باز بەسەر ئەم هەموو خوێنەدا دەدەی، خوێنی سور دەڕژێ ڕاناچڵەکێی، بەڵام بە هەڵدانی ڕەنگ لە پارکێکدا توشی سەرسامی دەبیت.

پێنجەم: ئەم عەقڵە بۆ ڕەخنە لە دەسەڵات و بەدیلی دەسەڵات هەڵگری ئیشکالی گەورەیە و عەقڵیەتیێکی تەواو داخراو و بکوژی ڕەنگی تر و دەنگی ترە. ئەوەی مەترسی گەورەیە کە ئەم جۆرە عەقڵە دەیەوێت بەدیلی دەسەڵات بێت کە دنیایەکی یەک ڕەنگ و تاریک بەرهەم دەهێنێت.

شەشەم: لە زۆربەی وڵاتانی دنیا ئەم جۆرە لە ڤیستیڤاڵ لەئارادایە و لە شەرە تەماتە و ڤیستیڤاڵی ڕەنگەکاندا خۆی دەبینێتەوە و بۆ کۆمەڵگەی کوردی کە هێشتا لەسەرەتای کرانەوەدایە بۆ هەندێک مایەی شۆک و ئیشکالە. مەعریفە تەنها لە مزگەوت و قوتابخانە و دیوەخان و بارەگای حزبەوە فێربووی ئیتر تێکەڵکردنی ڕەنگەکان لەسەر شەقام بۆتۆ ئاسایی نیە.

حەوتەم: بەشێکی زۆری پیاوانی ئاینی یان بەرگری دەکەن لە ستەمکاری یان لانی کەم بێدەنگن لە ستەمکاری، کەچی بە ڤیستیڤاڵی ڕەنگەکان نیگەرانن. عەلی وەردی دەڵێ: مەلاکان وازیان لە ستەمکاران هێناوە هاتوون ئامۆژگاری ستەملێکراوان دەکەن.


PM:09:16:06/04/2019

ئه‌م بابه‌ته 1360 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی