کەوتنی داعش چی فێرکردین؟

‌عەزیز ڕەئووف

یەکەم: شەڕکردن لەگەڵ داعش بەهەمان عەقڵیەت و دیدو تێڕوانینی داعش ناکرێت. شەڕڤانان لەو دەڤەرە مەعدەنێکی تر بوون، تەواو جیاواز لە دید و تێڕوانینی داعش و خەلیفەکانیان. لای شەڕڤانان ژن ئازاد و لای داعش ژن کاڵابوو. شەڕڤانان بۆ ئەوەی شەڕ دژ بە داعش بکەن دەبوو لانی کەم کەرەستەیەکیان لەبەردەست بێت دژ بە دید و تەفسیر و جیهانبینی داعش.

دووەم: ئەوەی ڕوویدا سەرکەوتنێکی گەورە بوو، سەرباری ئەوەی کورد وەک جەنگاوەرێکی ئازا دێتە نێو جیهان، وەک بوونێکی خاوەن دید و تێڕوانین و لێبوردە لەگەڵ کۆی نەتەوە و زمان و ئاین لەو هەرێمە دێتە سەر شانۆ. وێنەی ڕێزگرتن و باوەشکردن بە منداڵانی داعش لەلایەن شەڕڤانانەوە پێمان دەڵێن ئەم شەڕڤانانە تەنها جەنگاوەر نین بەڵگو مرۆڤگەلێکی تەواو جیاوازن و وێنەیەکی جوانی کوردیان پیشانی جیهاندا.

سێیەم: دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان و هێزەکانیش لەم هەرێمە جورئەتی پیرۆزبایی ئەم سەركەوتنە گەورەیەیان نەکرد و وەک ئەوەی دردۆنگ بن کە کورد لە ڕۆژئاوا مۆدێلێکی تر پیشانی جیهان بدات جیاواز لەم مۆدێلە خراپەی کە نزیکەی سی ساڵە فەزیەکی تەواو نادیموکرات و بەرخۆر و داڕزیویان لەدوای خۆیان و تەماح و ئارەزووە شەخسیەکانیان جێهێشتووە.

چوارەم: ئەم سەرکەوتنە پەردەی لەسەر ڕوخساری ئەو مەلایانەی باشوری کوردستان هەڵماڵی کە بەقەت نوکە دەرزیەک جیاواز نین لە داعش و ماسکی نزیکی و هاوسۆزیان بۆ داعش و ئاردۆگان هەڵماڵی و لە مینبەرەکانەوە تەنگاو بوون. وەک چۆن لە باشوری کوردستان دەسەڵاتێک هەیە لەترسی زویرنەبوونی ئاردۆگان جورئەت ناکەن قسە لەسەر سەرکەوتنەکانی شەڕڤانان بکەن، ئاواش مەلا و هێزی دینی هەن لە کاتێک لەکاتەکاندا ڕوخساریان دەردەکەوێت کە هاوسۆزی ئاردۆگان لەوەها دۆخێکە دەردەکەوێت کە داعشێکی بێکەڵبەن.

پێنجەم: داعش تەنها لە هێزێک یان گروپێکی چەکداریدا کورت ناکرێتەوە. داعش لە دید و تێڕوانین و جیهانبینی بەشێکی زۆری سەرکردە و ڕژێم و گروپ و نەتەوە و تاکەکانی ناوچەکەدایە. ئەم شەڕە جەستەییەی داعش و سەرکەوتن چەندە گرنگە، شەڕی قوڵی کۆی داعشەکانی نێو کۆڵانەکان و گۆڕینی دیدی ئێمە بۆ دینا و دروستکردنی فەزایەکی ناتوندوتیژ و ژیاندۆست شەڕی درێژخایەنە و کاری جدی دەوێت.


PM:10:30:24/03/2019

ئه‌م بابه‌ته 1576 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی