ئەوە مێژووی ئێمە نیە

‌عەزیز ڕەئووف


باوكەكان وەك یەك بوون، لەسەر خاوەنداری شۆڕش ململانێیان كرد، بێئاگا لەوەی ئەوەی ئەوان شۆڕش نەبوو، بەڵكو یاخیبوونێكی چەكداری ڕووت و قوت بوو. ئێستاش كوڕان و كچەكانیان لەیەك دەچن، شاشە و لاپەڕەی ڕۆژنامە و پەیجەكانیان پڕ كردووە لە ململانێیەك كە نە هی ئێمەیە نە پەیوەندی بە ئێمەوە هەیە.

لە شەستەكانی سەدەی ڕابردوودا كۆمەڵگەیان بەسەر بەرەی جەلالی و مەلاییدا دابەش كرد و هەر هەوڵێكی تریان بۆ دروستبوونی بەرەی تر لە كوردستان لەناو برد، باوك و باپیرانمانیان بەسەر دوو بەرەدا دابەش كرد، شەڕیان گواستەوە هەموو گوند و شار و ماڵەكانمان، ئەو كات منداڵەكانیان لە بەریتانیا و ئەمریكا و وڵاتانی تری خۆرئاوا دەژیان. ئێستاش خۆیان یان مردوون یان پیر بوون و منداڵەكانیان بە خۆیان و توڕەهاتەكانیانەوە هاتوونەتەوە سەر شاشەكان و جارێكی تر ململانێی نیو سەدە دەگوازنەوە ماڵەكانمان. 

ئێستاش بەم هەموو قەیرانەوە، دەیانەوێت كۆمەڵگە لەنێو دوو بەرەدا دابەش بكەن، دەیانەوێت بە قسە و بۆڵەبۆڵەكانیان ناشرینیەكانی خۆیانمان بیر ببەنەوە. ئەوان كردەی سیاسیان گۆڕیوە بە بۆڵەی سیاسی سەر شاشە و پەیجەكان و تەماشای لایك و كۆمێنتەكان دەكەن كە ئایا لایەنگری كامیان زیاترە. ئەوان مێژوویەك هەڵدەدەنەوە لەكاتێكدا كۆمەڵگەیان بۆ قەیرانەكان و شەڕی خێڵەكان و كوشتنی ژنان و كێشە كۆمەڵایەتیەكان جێهێشتووە.

بەر لە هەر شت بۆ ئەوەی دەسكاری دنیای خۆمان بكەین پێویستە لەم دابەشكردنە بێینە دەرەوە كە نیو سەدەیە كوردستانی باشووری بۆ دوو بەرەی بەتاڵ و حەتاڵ دابەش كردووە. كوڕ و كچەكانیان لە خۆرئاواوە هاتوونەتەوە و دەیانەوێت مەنهۆڵی ئەم مێژووە هەڵدەنەوە و منداڵەكانمان گوێ لەم حیكایەتە بەتاڵانە بگرێت.

ئەم دوو بەرەیە شەڕی نەوت و كورسی و مێژووی پڕ لە بەتاڵیان لەگەڵ ژیان و گوزەرانی خەڵكدا تێكەڵ كردووە و دەیانەوێت شەڕی ئەم میراتە بگوازنەوە نێو ماڵەكانمان. دەیانەوێت منداڵەكانمان تێكەڵی ئەم شەڕە نەگریسە بكەن كە باشترە بە میراتی خۆیان بكەوێت و دوور و نزیك نەكەوینە ئەم گەمە ناشرینەوە. 

دەسكاری دنیای ئێمە بە ڕەخنەكرتن و تەنانەت خۆخەریككردنیش بەم مێژوو و ئێستایەی ئەم دوو بەرەیەوە دروست نابێت، تەنها بەوە دەكرێت كە سەرجەم حیكایەت و درۆ و مێژووەكەیان توڕدەین و بیر لە خۆمان و خەون و خولیای منداڵەكانمان بكەینەوە. دەسكاریكردنی دنیای ئێمە لانی كەم بە توڕدانی ئەم جۆرە لە خیتاب و ئەم جۆرە لە هەڵدانەوەی مێژوو و پشتكردنە ئەم حیكایەتە ناشرین و وەڕسكەرانە دێتە دی. ئەگەر نا هەمان دنیای پڕ لە ململانێی بەتاڵی نیوەی دووەمی سەدەی ڕابردوو دەبینین و چەند دەیەیەكی تر لە ژیان و تەمەنی منداڵەكانمان بەم حیكایەتانەوە دەكوژین.

ئەمە ئێستایەكە هی ئێمە نیە و درێژكراوەی مێژوویەكیشە كە هەر هی ئێمە نیە.


PM:02:53:11/02/2019

ئه‌م بابه‌ته 1352 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی