قەلەڕەشی ئەم زبڵدانە

‌عەزیز ڕەئووف

(ئێمە لەسەر چیاکان کەو بووین، ئیستا لەشار لە زبڵدانەکان قەلەڕەشین.. ئەحمەد کایا)
گەنجێکی کورد ئۆتۆمبیلەکەی ڕازاندۆتەوە تا بووک سەربخات و بچێت بۆ مانگی هەنگوینی، بەڵام لە سەر ژمارەی ئۆتۆمبیلەکەی نوسیوە " نەمرم دەیکەم بە دوو". ئەم کردە بچوکە خۆی بۆخۆی ماناو مەخزای قوڵی هەیە، بەوەی کە هێشتا زاوا جەستەی بەرجەستەی هاوسەرەکەی نەکەوتووە بیر لە جەستەیەکی تر و ژنێکی تر دەکاتەوە. ئەکتەر و مۆزیسیانی ئەمریکی جۆنی دێپ جارێک وتی: (ئەگەر لەیەککاتدا دوو کەست خۆش ویست ئەوا دووەمیان هەڵبژێرە)، مادام تۆ بیرت لە دووەم کردۆتەوە ئەوا هەرگیز یەکەمت خۆشنەویستووە.

ئەم وێنەیە کە بەر چاومان دەکەوێ، لەمێژە لەڕێی هونەرەوە، لەڕێی شیعر و ئەدەبیاتەوە، لەڕێی زمانی عەوامی خەڵکەوە، بە گروێمان دەکەوێ، هەر بۆیە ئەم ئۆتۆمبیلە بەلاماندا دەڕوات و بەسەر شەقامەکاندا تێدەپەڕێت و هیچیش ڕوونادات و توشی شۆکمان ناکات، چونکە ئێمە پێشتر ڕاهاتووین لەسەر ئەوەی کە لەیەککاتدا بیر لە دوو ژن بکەینەوە.

شێخ ڕەزای تاڵەبانی دەڵێ:
پێم دوەڵێن دوو ژنت بۆچیە شێخ ڕەزا
شوکری بۆ تەسک و تروسکی جەمیلە بۆ سک و زا
سەیرکە ئێمە نازانین چێژ لە ڕۆح و جەستەی یەکتر ببینین، وەک قەلەڕەش دەکەوینە گیان جەستەی ژن. سەیرکە لەم عەسرەدا سەرجەم پێدراوەکانی مۆدێرنە بەکار دەهێنین بەڵام تا ئێستا بڕوامان بە چەمکی بێوەژن و کچە عازەب هەیە.

چی وا دەکات شار پڕ بێت لە قەلەڕەش و بکەوێتە گیانی جەستەی ماکەوەکان؟ ئەمە پاشخانێکی دوورتری هەیە، ئەویش ئەوەیە چەکدارەکانی شاخ کە دێنە خوارەوە شەقام و کۆڵانەکان لەگەڵ پۆخڵەواتی خۆیاندا ناشرین دەکەن، ئەمە ڕێک ئەو ڕستەیەیە کە شۆڕش نەیتوانی مێنتاڵیتی خەڵک بگۆڕێت، (بێ گومان ئەوەی پێی دەوترێ شۆڕش). سەرکردەیەکی خەباتی چەکداری ئێمە کە ئێستاش لە ژیاندا ماوە و لە بارەگایەکدا کۆبوونەوە بە ژنان دەکا، لە شاخ دەڵێ: (لە هەورامانەوە تا قەرەداغ لە هەر گوندێک دایەنەیەکم هەس.) واتە لە هەر گوندێک وەک داڵە کەرخۆرە دەکەوێتە گیانی ژنێک. ڕەنگە ئەم سەرکردەیە سودی لەم گۆرانیە وەرگرتبێت کە دەڵێ :(جا ئای بۆ دڵسۆزێ، ئەمشەو بێتە پاڵم).

شۆڕش لە شاخ دەکەوێـتە گیان ماکەوەکان و لەشاریش وەک قەلەڕەش لە زباڵدانەکاندا خەریکی پیسخۆییە. ئەمە وادەکات گەنجێک چێژ لە مانگی هەنگوینی نەبینێت و هێشتا جەستەی هاوسەرەکەی بۆن نەکردووە بیر لە جەستەیەکی تر دەکاتەوە. ئەم گەنجە ئەسەڵەن ئەم ژنەی خۆشنەویستووە و بیر لە کەسی تر دەکاتەوە.

ئەم دیدە لە دنیای گەلاندا جیاوازە. لە رۆمانی (خۆشەویستی لە زەمەنی کولێرادا) گابرێل گارسیا مارکیز، ئاریزا پەنجا ساڵ چاوەڕێی دازا ی خۆشەویستی دەکا تا مێردەکەی دەمرێت، ئینجا دەچێتە ماڵی و پێی دەڵێ: (من 50 ساڵە چاوەڕێم بەتۆ بگەم، پەنجا ساڵە چاوەڕوانم تا بۆنی جەستەی تۆ بکەم). کەچی لای ئێمەش کاکی گۆرانیبێژی کورد دەڵێ:
لەیلێ دووچاوی منی چەند جوان و شۆڕە ژنی
بە کچی بۆ من نەبووی نامەوێی بە بێوەژنی


PM:01:35:20/11/2018

ئه‌م بابه‌ته 1102 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی