بەڵێ تۆ دەتوانی، وەک کۆچەر بیرکار

‌عەزیز ڕەئووف


کۆچەر بیرکار کە خەڵاتێکی گەورە وەردەگرێت بەرامبەر بە داهێنانێک، ئەمەش تەنها پەیوەندی بە باشی زانکۆکەوە نیە ئەوەندەی هەوڵێکی تاکەکەسی و پەیوەندی بە توانای ئەم گەنجە هەژارە کوردەوە هەیە، ئەمە ڕاستە زانکۆی کامبرج فەزای داهێنانی بۆ ئەم کوڕە کوردە ڕەخساندووە، بەڵام تۆ سەیر بکە بەشێکی زۆری خوێندکارانی کوڕی بەرپرسە کوردەکان لە زانکۆ بەناوبانگەکانی ئەوروپا و ئەمریکا دەخوێنن و بەتایبەتتر لە زانکۆی کامبرج، بەڵام نە دەبن بە داهێنەر و نە دەبن بە مرۆڤ، زۆربەی ئەو کوڕە بەرپرسانە دێنەوە پۆست لەم وڵاتە وەردەگرن و لە باوانیان خراپترن لە بەڕێوەبەردنی وڵاتدا.

ئەمە بۆ ناو وڵاتیش ڕاستە. زۆربەی منداڵانی چینی باڵا لە قوتابخانەی ئەهلی دەخوێنن و پارەیەکی زۆر سەرف دەکەن، دواتر دەچنە زانکۆی ئەهلی بەڵام نەمانبینی داهێنانێک نەمابنبینی بەرهەمی ئەم نەوەیە لە خوێندکارانی حکومی جیاوازتر بێت. کوا من تا ئێستا نەمبینی لێکۆڵینەوەیەکی جدی لە زانکۆ ئەهلیەکانەوە بێتە دەر، کوا من نەمبینی پێمان بڵێن ئەم خوێندکارە لە زانکۆی ئەهلی و قوتابخانەی ئەهلی خوێندویەتی و ئەمە داهێنانەکەیەتی بۆ کۆمەڵگەی کوردی. 

بەڵێ تۆ دەوانی زۆرترین پارە لە منداڵەکەتدا سەرف بکەی وە دەتوانی فێری زمانی بیانیش بێت، بەڵام ناتوانێت شتی گەورە ئەنجام بدات و داهێنانی گەورە ئەنجام بدات. بەڵێ تۆ دەتوانی نەوەکانت لە فەزایەکی خۆشتر و قوتابخانەی خۆشتر ناونوس بکەیت و پارەیەکی زۆری تیا سەرف بکەیت و دەتوانیت هاوینان گەشتی وڵاتانیشی پێ بکەیت، بەڵام ڕەنگە نەتوانێت وەک کۆچەر بیرکاری منداڵێکی گوندنشینی هەژاری نزیک مەریوان داهێنان بکات و لە ئاوارەیی و ژیانی پەنابەریدا پەرە بە تواناکانی بدا. 

تۆ دەتەوێ داهێنەر بیت، بەڵێ دەتوانی بەبێ ئەوەی مەرج بۆخۆت دابنێی کە هەژاری، لە قوتابخانە و زانکۆی ئەهلی نیت، زمان بە باشی فێر نەبوویت، بەڵام زۆرن هەموو ئەم کەرەستانەیان لەبەر دەستە و ناتوانن، زۆر بوون ئەوانەی کۆی کەرەستەکانی داهێنانیان لەبەردەست بوو نەیانتوانی بەکاری بێنن.
بەڵێ تۆ دەتوانی، وەک کۆچەر بیرکار


PM:04:08:04/08/2018

ئه‌م بابه‌ته 1538 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی