لانی كەم دەتوانم منداڵی ئەم عەسرە نەبم

‌عەزیز ڕەئووف


لە فۆرمی كۆمسیۆنەكە نوسراوە" بەڵی و نەخێر" ، واتە تۆ ئازادی بە نهێنی كام وشە هەڵدەبژێری، بەڵام مەكینەیەكی ئیعلامیت داناوە و ئەوەی بە نەخێر دەنگ بدات خائینە. دەبێت هەڵبژێریت لەنێوان سەركردە قاچاخچیەكانی وڵات و سەركردە گەندەڵ و دیكتاتۆرەكانی عیراق. خودایە ئەمە چ فۆرمێكە لە بانگەشە؟ ئەمە چ تاقیكردنەوەیەكەم چ شێوازێكە لە وەرگرتنی ڕای خەڵك؟ لانی كەم بۆ ڕەوینەوەی نیگەرانیەكانی ناوخۆ پیویستمان بە دیبەیت و قسەكردنی جدیە، بەڵام ئەوانەی بیست و شەش ساڵە نەتەوەیەكیان هێناوەتە سەر چۆك، ئێستا بوون بە فریادرەس و ئەم دۆخە دەكەنە بیانویەك بۆ بەخائینكردنی ئەوانەی گومانیان لە ڕیفراندۆمێكی ساختە هەیە.

 عەزیزان خۆ نەوشیروان مستەفا نەیوتبوو نەخێر بەخائینتان كرد و دەتانویست بە بیانوی لێدان لە ئاسایشی نیشتیمانی دادگایی بكەن؟ خۆ ڕۆژنامەنوسان نەیانوتبوو نەخێر تیرۆرتان كردن؟ برادەران ڕیفراندۆم كە دوا دروشمی ئێوەیە و هیچ مژدەیەكتان نەماوە بۆ خەڵكی بەیان بكەن، بیانویەكی باشە بۆ هاتنەوە سەر شانۆی سیاسی و خەڵكیش باش دەناسن كە هەر جارەی بە مژدەیەك هەڵدەپەڕێت.

من لە نیشتیمانێكدا دەژیم خیانەت دەبێتە جێگەی شانازی،
مافیا باس لە سەریەخۆیی دەكا و دزەكان لە یەكسانی دەدوێن و قاچاخچیەكان لەسەر كورسی دەسەڵاتن. من دوای ئەم دروشمانە ناكەوم. كێیە هەستی ناسیۆنالیستی ئەوەندە بەرزە ناتوانێت شەڕی قاچاخچیەكان بكات، دڵخۆشە بە دروستكردنی دەوڵەتی نەتەوە. من لەو مەعدەنە نیم دوای ئەم دروشمانە بكەوم. من ئەو منداڵە نیم دەستم ئامادە بێت بۆ چەپڵەی ئەم مەخلوقە ناشرینانەی كە تا پیرتر دەبن ناشرینتر و دەنگ نەسازتر و دورتر دەبن لە من و لە كۆڵانەكانی نیشتیمان.

ئیدی عەسری مەرگی دیالۆگ و دیبەتی عەقڵانیە و دۆخەكە چۆڵ كراوە بۆ هەڵپەڕكێ و هەستی ناسیۆنالیستی بێ بیركردنەوە و هەوڵێك بۆ بیربردنەوەی ستەم و ناشرینیەكانی چارەكە سەدەیەك بەدەستی داگیركەران نا بەڵكو بەدەست كورد خۆی.
لەم دۆخە ناعەقڵانیەدا هەر ئەوەندەم لەدەست دێت بڵێم منداڵی ئەم عەسرە نیم.


PM:02:32:09/09/2017

ئه‌م بابه‌ته 5013 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی