دیوەكەی تری(بۆ مێژوو)ی مەسعود بارزانی

‌کەنعان بەهادين


كتێبی بۆ مێژووی سەرۆك مەسعود بارزانی، كە لە دوو توێی 282 لاپەڕەدا، مێژووی 100 ساڵەی دەوڵەتی عێراقی بە روونی شیكردۆتەوە، كە بەتایبەت پێكهاتەی نەتەوەی كورد چەندە مەزڵومانە لەنێوانی زلهێزانی ئیقلیمی و ناوچەكە و جیهان دابەش كراون.

بارزانی لە كتێبەكەیدا باس لەوە دەكات كە هێشتا ئەگەر بۆیان بلوێت، ئەو غەدرو و زوڵم و دابەشكردنە لە ژێر ناوەكانی تەعریب و كوشتن و ئەنفال و برسیكردن بەردەوامی دەبێت ، وەك ئەوەی دەیبینین كە بەردەوامە.

بارزانی دەڵێت: هەر بۆیەشە گەلی كوردستان دوای ئەوەی لە هەموو رێگەیەك نائومێد بوو، ریفراندۆمی ئەنجامدا. ریفراندۆم قوڵایی پێگەیشتوویی و باوەڕی گەلی كوردستان بوو ،  ریفراندۆم چارەسەری سەردەمیانەو ئاشتیانە بوو.

بارزانی هەموو ئەو رووداوانەی كە پێش ریفراندۆم و دوای ریفراندۆم و ساتی پێش روودانی 16ی ئۆكتۆبەر باسكردووە، كە بەشایەتحاڵی تەواوی سەركردەی حزبەكانی هەرێم كە چۆن لە شاییدا لەگەڵ بارزانیدا بوونە و لەكاتی شینیش پشتیان لێكردووە..

بارزانی تەواوی قۆناغەكانی ژیانی سیاسی نەتەوەی كوردی باسكردووە، لە شۆڕشەكانی شێخ عەبدولسەلامی بارزانی ، تاوەكو دەوڵەتەكەی شێخ مەحمود و شۆرشی ئەیلول و حوكمی زاتی و راپەرین و شەری داعش و ریفراندۆم.

 سەرۆك بارزانی  بە وردیش باسی لە 16ی ئۆكتۆبەر دەكات ،  باس لە كەش و هەوای كۆبوونەوەكەی دۆكان دەكا و دەڵێ : هەستمان بە ناسروشتی بارودۆخی برادەرانی یەكێتی كرد، نێچیرڤان بارزانی ئەوكات سەرۆكی حكومەتی هەرێم بوو و لێیانی پرسی: ئایا هیچ جۆرە رێكەوتنێكتان كردوو؟ ،كەچی دەركەوت كە لەدەرەوەی دامەزراوە فەرمییەكان لەگەڵ حەشدی شەعبی رێك كەوتوون كە كەركووك تەسلیمی ئەوان بكەن، بێ ئەوەی پارتی و تەنانەت هەندێ برادەرانی ناو یەكێتیش ئاگادار بن.

بارزانی لە كتێبەكەیدا ئاماژە بۆ رۆڵی خراپی ئەمریكا و بەریتانیا دەكات لە كاتی ریفراندۆم و روودانی 16ی ئۆكتۆبەر، كە كاریان كردووە بۆ بەهێزكردنی حكومەتی عێراقی ، بۆ لاواز كردنی پێگەی كورد و شكستپێهێنانی ریفرااندۆم.

بەو شێوە بارزانی هێشتا بە ئومێدەوە لە دەرەنجامی ریفراندۆم دەروانێ ـ چونكە لەماوەی رابوردوو بەغدا بە درێژایی قۆناغەكان نەیتوانیووە لەگەڵ كورد بگاتە رێكەوتن و یاخود مافەكانی پێبدات.

بەو شێوەی كورد ئەگەر بەئاراستەی جیابوونەوە لە عێراق هەنگاو نەنێ ئەوەی هەشیەتی لەدەستی دەدات، چونكە ئەو باوەڕو قەناعەتە لە بەغدا هەتا ئەمرۆكەش بوونی نیە كە بتوانن لەگەڵ پێكهاتە و گەلانی عێراق بە ئاشتی بژین و مافی هەموویان دابین بكرێت.

ئەو فەرامۆش كردنەی كورد لەناوچەكە هەندێ جار خەتای كوردە لەنێوخۆدا، هەندێجاریش ئەو هێزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیانەن كە ناهێڵن كورد بگات بە مافە نەتەوەیی و كلتورییەكانی و خاوەنی ئاڵاو پێگەی مرۆیی خۆی بێت..

لە كتێبەكەی بارزانیدا ، ئەوەم بەدی كرد كە سەرۆك مەسعود بارزانی هێشتا وێڵە بەدوای دۆزینەوەی دەرچەیەك بۆ سەربەخۆیی و رزگاربوون لە تونێلی عێراق.


PM:04:51:05/11/2020

ئه‌م بابه‌ته 4272 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی