‌لاپه‌ڕه‌ى تازه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا قسه‌یه‌كى نامه‌نتیقه‌
PM:07:11:21/12/2018
کەنعان بەهادين

گفتوگۆى نێوانى كورد و به‌غدا بریتیه‌ له‌ مێژووێكى دوور و درێژى پڕ له‌ هه‌ورازو نشێو كه‌ پڕه‌ له‌ نامتمانه‌یی و خوێنى یه‌ك فڕ كردن و گه‌ڕان به‌دواى هه‌لى لێدان و له‌ناوبردن ، كاتێك به‌غدا ده‌كه‌وێته‌ بارودۆخى ناهاوسه‌نگ و لاواز ، هه‌ولێر و كورد وه‌ك په‌تى خۆگرتنه‌وه‌و په‌یژه‌ى تازه‌ به‌كار دێنێ ، ئه‌وه‌ى له‌مێژوو باسكراوه‌ تا ریفراندۆم هه‌ر وابووه‌ ، بۆیه‌ مه‌فهومى لاپه‌ڕه‌ى تازه‌ى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا پێكهاتووه‌ له‌ دێڕێكى سیاسی و ئیعلامى ، بێ بنه‌مایه‌ و هیچ ئه‌سڵ و ئه‌ساسێكى نیه‌ ..

ئه‌م مه‌فهوومه‌ له‌ ئێستادا ده‌ركه‌وتووه‌ ، كاتێك عادل عه‌بدولمه‌هدى له‌لایه‌ن شیعه‌ى عێراق پاڵپشتى لێكرا كه‌ ببێته‌ سه‌رۆك وه‌زیران ، له‌كاتێكدا مه‌هدى نه‌ خاوه‌نى حزبێكى تایبه‌ت به‌خۆیه‌تى و نه‌ كوتله‌یه‌كى په‌رله‌مانیشى هه‌یه‌ كه‌ پێوه‌ى به‌هێز بێت ..

ده‌شبینرێت له‌كاتى گفتوگۆكانى نێوان كوردو به‌غدا مالیكى و سه‌دڕ و سه‌ركرده‌كانى حه‌شدى شه‌عب وه‌ك هادى عامری ده‌رده‌كه‌ون ، جیا له‌وه‌ش قسه‌ى دوایش بۆ سیستانى جێ ماوه‌ته‌وه‌ ، كه‌سێكى وه‌كو عادل عه‌بدولمه‌هدى كه‌ هێشتا پێى له‌بانزینه‌كه‌ نه‌ناوه‌ بۆ ئیداره‌ كردنى حكومه‌تى تازه‌ ، پرسی ئیستیقاله‌ى وروژاندووه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر تیمه‌ ویزارییه‌كه‌ى بۆ كامڵ نه‌كه‌ن ...

بۆیه‌ به‌غدا بۆ سه‌د ساڵى دیكه‌ش هه‌روا ده‌مێنێته‌وه‌ ، جیا له‌وه‌ى ئه‌گه‌ر بارودۆخێكى تایبه‌ت نه‌یه‌ته‌ پێش كه‌ دووباره‌ ئه‌و پایته‌خته‌ لاواز ببینرێت ، دووباره‌و سێباره‌ عێراق حكومه‌ته‌كه‌ى شكست بێنن و سوپاكه‌ى رابكات ، هه‌روه‌كو له‌سه‌رده‌مى سه‌دام حوسێن و نوری مالیكى ئه‌وه‌مان بینى ، به‌ڵام داخه‌كه‌م كورد چالاكانه‌ كاری دیپلۆماسى خۆی نه‌كرد ...

كه‌ ده‌گوترێ كاری دیپلۆماسانه‌ى خۆی نه‌كرد ، مه‌به‌ستم دووباره‌ بوونه‌وه‌ى مێژووى خیانه‌تى كورده‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا ، كه‌ چۆن بینیمان هه‌ندێ تاقم و حزب روویان كرده‌ به‌غدا و ده‌ستیان خسته‌ نێو ده‌ستى سه‌ركرده‌كانى ئه‌وێ و دژى ویسته‌كانى نه‌ته‌وه‌ى كورد كاریان كرد ، تا گه‌یاندیانه‌ ئه‌و دۆخه‌ى كه‌ كورد له‌ رووى سیاسی و ئابووری لاواز ده‌ربكه‌وێت ..

پاڵپشتى ووڵاتانى دوونیا بۆ كه‌یسى كورد ، مه‌سه‌له‌یه‌كه‌ ئه‌ویش بۆته‌ جیگه‌ى گوومان ، كه‌ دواجار بینرا ووڵاتانى زلهێز چۆن پشتیان له‌نه‌ته‌وه‌ى كورد و كرد و ئه‌وانیش ده‌ستیان خسته‌ نێو ده‌ستى به‌غدا ، كه‌ دواى ریفراندۆم باشترین نموونه‌ بوو دیترا كورد چۆن لاواز كرا.

ده‌ره‌نجام سیاسه‌ته‌كان پڕن له‌ پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان و بازرگانى و ئابووری ، هیچ په‌یوه‌ستییه‌كى نه‌ماوه‌ به‌ سیاسه‌ت كردن و مافى مرۆڤ ، ده‌بێت كورد به‌دواى فرسه‌تدا بگه‌ڕێت ، فرسه‌تى ئابووری و جوگرافى و سیاسی ، كه‌ بتوانێ باز بدات و قۆناغێكى تازه‌ بنووسێته‌وه‌ ، بۆیه‌ مه‌فهومى لاپه‌ڕه‌ى تازه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا پێكهاتووه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندى ئابووری و بازرگانى و سیاسه‌تى باڵا ..

هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.