كورد دەیەوێت بەسەر هەلێكی دیكەوە باز بدات

‌کەنعان بەهادين

 مێژووی نەتەوەی كورد ، پڕە لە گێڕانەوەی خەباتگێڕی و بەرەنگار بوونەوەی دوژمنان ، تا ئەو ئاستەی كاتێك ئەو بەرەنگار بوونەوانە  گەیشتۆتە چڵە پۆپە  و دوونیا گەیشتۆتە هانای ئەو نەتەوەیەو هەستیان بە مەزڵومیەتی ئەو گەلە كردووە .

 لەم ئان و ساتانەش كاتێك كورد هەست بەوە دەكات دۆزەكەی بەرەو پێش چووە ، مەسەلەی ناكۆكی ناوەخۆیی كە خوانێكی كۆنە و ناوە ناوە بۆ كورد  گەرم دەكرێتەوەو دەرخواردی ئەم گەلە دەدرێت بە داخەوە ، تا ئەو ئاستەی كە بەر لە ساڵیك كورد شەڕیان بوو لەسەر ئەوەی كە كورسی كۆنگرەی نەتەوەیی بە فڵانە حزب و فڵان كەسایەتی سیاسی نەدراوە ، ئێستا شەڕە لەسەر پرسی دیكە كە نەك دۆزی كورد وەپاش خست ، تەنانەت خەریكی ئەم ئەزموونەش لەكەدار ببێت و دۆستان هەنگاو بەهەنگاو بكشێنەوە پاش .

چ نەتەوەیەك هەن لە دوونیا حەزیان لە سەربەخۆ بوون نیە ؟ كام نەتەوە هەیە لەم گۆی زەمینە فرسەتێكی بۆ هاتبێتە پێش و هەلینەقۆزتبێتەوە ، كام وڵاتی داگیركراو هەیە یەكەمین هەلی بۆ هاتۆتە پێش و خۆی لە داگیركاری رزگار نەكردبێت ، ئەوەتا لەكاتی هەڵوەشاندنەوەی یەكێتی سۆڤیەتی پێشوو ، چەندین وڵاتی ژێر دەستەی ئەم سۆڤیەت هەلی لاواز بوونی ڕووسەكانیان قۆزتەوە و دەوڵەتی خۆیان ڕاگەیاند ، بۆسنییەكان چۆن بەرەنگاری دكتاتۆرییەتی سربیا بونەوە ، لوبنانییەكان لە باشترین رێكەوت و هەلدا ، خۆیان لەژێر ڕكێفی دەستێوەردانی سوریاو ماڵباتی ئەسەد رزگار كرد .

كورد بۆچی وانیە ، بۆچی هەر ناكۆكە ؟ بۆچی بە درێژایی مێژوی خەباتی خۆیدا بەسەر هەلەكان باز دەدات ؟ بۆچی لاوازە و ترسی هەیە لە سەربەخۆ بوون ؟ بۆچی لەو پەڕی هێز و قوەتی خۆیدا هەر چاوی لەسەر بەغدایە ؟  سەرباری ئەوەش ئەو زوڵمەی كە ئێستا بەغدا لە خەڵكی كوردستانی دەكات ، بۆچی وەزیرو ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانمان هەر لە بەغدان بی ئەوەی تەنانەت ناتوانن مووچە بۆ خەڵك بگەڕێننەوە . كەوایە ئەم ڕەوە وزەیرو پەرلەمانتارانە چی دەكەن لە بەغدا ؟ چیە ئەو سررە  كە بەرپرسانی كورد بەردەوام دەڵێن ، نابێت بەغدا چۆڵ بكەین ؟؟



PM:06:56:12/09/2015

ئه‌م بابه‌ته 7357 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی