راوێژکارێکی کازمی: ئەنجامەکانی هەڵبژاردن نانێردرێنە وڵاتێکی دیکە


وێستگه‌ نیوز-
راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری هەڵبژاردنەکان رایده‌گه‌یه‌نێت، بڕیار نییە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی عێراق بەهۆی سێرڤەرەکانی ئامێرەکانی دەنگدان بنێردرێنە هیچ وڵاتێکی دیکە، بەڵکو هەر لە عێراق دەبن، ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات تۆمارکردنی هاوپەیمانییە سیاسییەکان و بەربژێرەکان، کە لە یەکی مانگی ئایاری داهاتوودا کۆتایی دێت
 
عەبدولحوسێن هینداوی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری هەڵبژاردنەکان، بە میدیایى فەرمیی عێراقی راگەیاند، هەموو ئاماژەکان بە ئاراستەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنن لە وادەی خۆیدا لە 10ـی ئۆکتۆبەری داهاتوودا. کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانیش چەندین جار رایگەیاندووە کە ئامادەیە بۆ تەواوکردنی ئامادەکارییەکانی دیکەی وەک تۆماری بایۆمەتری دەنگدەران، هەروەها تۆمارکردنی هاوپەیمانییە سیاسییەکان و بەربژێرەکان، کە لە یەکی مانگی ئایاری داهاتوودا کۆتایی دێت.
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا هینداوی دەڵێت: "بڕیار نییە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بنێردرێنە هیچ وڵاتێکی دیکە، بەڵکو هەر لە عێراق بن و لەگەڵ کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانی ئەو ئامێرانە لە دانوستاندنداین لەبارەی ئەو بابەتە و بۆ تەواو پاراستنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن".
 
عەبدولحوسێن هینداوی وتیشی: "ئامانجی یەکەمی کابینەی ئێستا حکومەتی عێراق ئەنجامدانی هەڵبژاردنە، ئەوەشی سەرپەرشتیی پرۆسەکە دەکات کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانە بە چاودێریی لایەنە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، چونکە راستە عێراق وڵاتێکی سەربەخۆیە، بەڵام پێویستی بە گەواهیدەری دەرەکییە بۆ سەلماندنی بێگەردی و ئازادیی ئەو هەڵبژاردنەی کە بەڕێوەدەچێت، لە کۆتاییشدا بەشداریی فراوانی جەماوەر لە هەڵبژاردن پێوەری راستی و دروستی هەڵبژاردنە، هەروەها دەبێ لە رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن ئەنجامە سەرەتاییەکان رابگەیەنرێن".
 
له‌باره‌ى تۆمارکردنی هاوپەیمانییە سیاسییەکان و بەربژێرەکان، جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند: "هەرچەندە دەرفەتی تۆمارکردنی ناوی بەربژێران بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو لە 17ـی ئەم مانگەدا کۆتایی دێت، بەڵام بەربژێرە تۆمارکراوەکان لە کۆمیسیۆن تاوەکو ئێستا بریتین لە 339 بەربژێر، کە 72ـیان بەربژێری لایەنە سیاسییەکانن، 7 بەربژێریان کوردی فەیلین، 7 بەربژێریان سابیئەن، 5 بەربژێریان ئێزدین، 4ـیان بەربژێری هاوپەیمانییە سیاسییەکانن، دوو بەربژێریشیان کریستیانن، بۆیە ژمارەی بەربژێرەکان گەیشتە زیاتر لە ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان کە 329 کورسین".


PM:02:06:14/04/2021


ئه‌م بابه‌ته 1880 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو