گەر لە چاودێری چڕی نەخۆشخانەش بیت مانای وانییە لە خۆشەویستانت دووریت

‌دیمەنێک لە کاری پەرستارەکە

وێستگە نیوز-

لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی بەرازیل بیرۆکەیەکی نوێ بەرجەستە دەکەن بۆ دڵدانەوەی ئەو چارەخوازانەی بەهۆی ڤایرۆسەکەوە ژیانیان کەوتوەتە مەترسییەوە، یان لەبارێکی تەندروستی ناجێگیردان.

ماڵپەری سکای نیوزی عەرەبی بڵاویکردەوە، پەرستارێکی بەرازیلی بیرۆکەیەکی عاشقانە لە مێشکیدا گەڵاڵە دەبێت و دوای بڕیاردان لەلایەن نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە توشبوانی کۆرۆنا دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەویش بەکارهێنانی دەستکێشی پڕ لە ئاوە بۆ دەستی چارەخوازەکان.

دەستکێشێکی پڕ لە ئاوی نیمچەگەرم ئامادە دەکرێت و لە دەستی کەسە توشبوەکەدا دەبەسترێت، وەک ئەوەی چارەخوازەکە بەردەوام دەستی لە دەستی خۆشەویستەکەیدا بێت یان کەسێکی نزیکی بە بەردەوامی دەستی گرتبێت و لە بێدی نەخۆشخانەکە دوور نەوکەوتبێتەوە.

ئەو پەرستارە ناوی سیمی ئارۆخۆ کۆنایە و خاوەنی ئەو بیرۆکە عاشقانەیەیە، دەستکێشەکانیش بۆ ئەو کەسانە دەبەستێت کە لە یەکەی چاودێری چڕ لەژێر ئامێری هەناسەدانی دەستکرددان.

ئەو پەرستارە بەرازیلییە بۆ یەکێک لە میدیاکانی وڵاتەکەی وتویەتی "کەسانی توشبو بە ڤایرۆسەکە لەبەرئەوەی دەبێت خۆیان بپارێزن و تێکەڵی کۆمەڵگا نەبنەوە، ناتوانن لەگەڵ خۆشەویست و کەسە نزیکەکانیاندا کاتەکانیان بەش بکەن، هەربۆیە کاتێک ئەو دەستکێشەی بۆ دەبەسترێت بەجۆرێک لە جۆرەکان ئەو هەستەی لا دروست دەبێت کە لە پشتگیریکردنی کەسە نزیکەکانی بێبەش نەبوە".

لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا سیمی ئارۆخۆ ڕایگەیاندوە کە چاودێریکردن و چارەسەرکردنی چارەخوازەکان بەتەنها بەس نییە، بەڵکو دەبێت کەسێکی سۆزدار بیت لەگەڵ خەڵکیدا و ڕێگە بەدڵت بدەیت کە ڕاوبۆچونی خودی خۆت دەربخات.


PM:11:26:11/04/2021


ئه‌م بابه‌ته 4728 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو