وێستگەنیوز دواین زانیاری لەبارەی لێبڕینی موچە دەخاتەڕو


وێستگەنیوز-

دوای پەسەندکردنی یاسای بودجەی عێراق و جێگیرکردنی پشکی هەرێم، چاوەڕێ دەکرێت لەم مانگەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێداچوونەوە بە  لێبڕینی 21%ـی موچەی فەرمانبەران بکات و بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەش چاوەڕێی رێژە و میکانیزمی گەیشتنی بودجەکەی بەغدا دەکات.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بەوێستگەنیوزی راگەیاند، دوای پەسەندکردنی یاسای بودجە لەئێستادا چاوەڕێی رێنمایی دەکەن کە لە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بۆ جێبەجێکردنی یاساکە دەربچێت، دوای دەرچوونی رێنماییەکان و زانینی رێژە و میکانیزمی رەوانەکردنی پارەکەی بەغدا، چاوەڕێ دەکرێت پێداچوونەوە بە  لێبڕینی 21%ـی موچەی فەرمانبەران بکرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەرچەندە میکانیزمی دابەشکردنی موچە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری لەسەر دەدات، بەڵام دوای گەیشتنی "رێنماییەکان و پشکی هەرێم" بڕیار لەبارەی دابەشکردنی موچە بەبێ لێبڕین یان بەلێبڕینێکی کەمتر دەدرێت.

پەیوەست بەم بابەتەش ئەرشەد حسێن، ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی کودستان بە وێستگەنیوزی راگەیاند، دوای رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر بودجە و زیادبوونی داهاتەکانی حکومەتی هەرێم، چاوەڕێ دەکرێت رێژەی لێبڕینی موچەی فەرمانبەران بۆ مانگی نیسان کەمبکرێتەوە، هەرچەندە تائێستا هیچ رێژەیەکی دیاریکراو بڕیاری لەسەر نەدراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، پێشوتریش کە بودجە لەبەغداوە رەوانە دەکرا، حکومەتی هەرێم لەداهاتی فرۆشتنی نەوت و داهاتی ناوخۆ 18%ی تەمویلی موچەی کردوە، لەئێستاشدا حکومەتی هەرێم چاوەڕێی گەیشتنی پشکی هەرێم دەکات بەمەبەستی دانانی میکانیزمی نوێ بۆ دابەشکردنی موچە.

ئەندامەکەی لیژنەی دارایی ئەوەشی خستەڕو، ئەرکی لەپێشینەی حکومەت لەئێستادا دابینکردنی موچەیە و لەو پێناوەشدا سەرجەم هەوڵەکان بەو ئاڕاستەیەن کە موچەی بەبێ لێبڕین و لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا دابەشبکرێت.

بەرپرسانی حکومەتی هەرێم دەڵێن، چاوەڕێ دەکەن مانگانە نزیکەی 750 ملیار دینار لە بەغداوە بگاتە هەرێمی کوردستان، ئەوە لە کاتێکدایە موچە بێ لێبڕین پێویستی بە نزیکەی 895 ملیار دینارە، سەرەڕای ئەوەش حکومەت پێویستی بە پارەیەکە بۆ راپەڕاندنی کاروبارەکانی و جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی.

هـ.هـ


AM:10:20:11/04/2021


ئه‌م بابه‌ته 45876 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت