راكان جبورى بۆ پڕۆژه‌یه‌كى مام جه‌لال ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌


وێستگە نیوز-
 پارێزگاری کەرکوک پۆستە ئیدارییەکانی بەسەر هەرسێ پێکهاتەی کورد و عەرەب و تورکمانی شارەکەدا دابەشکردووە. هاوکات، بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا و بەشی هونەری و ژمێریاری و نوسینگەی لیژنەکان و سەرۆکی نوسینگەی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا دراون بە کورد.

وابڕیاره‌ راكان جبورى، پارێزگارى به‌وه‌كاله‌تى پارێزگاى كه‌ركوك پۆستە ئیدارییەکانی بە ڕێژەی لەسەدا 32 بەسەر عەرەب، كورد و توركماندا دابەشبكاتەوە، ئەوەش بە پشتبەستن بە رێككەوتنێكی 12 ساڵ لەمەوبەر لەسەر بنەمای پڕۆژەكەی جەلال تاڵەبانی، سەرۆك كۆماری پێشوتری عیراق لەبارەی كەركوكەوە.

به‌پێى ئه‌و به‌ڵگه‌ى بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، هاوڵاتییەکی کورد بەناوی "خەبات ئەسعەد" وەک راوێژکاری هونەری پارێزگار دەستنیشان کراوە و راسپێردراوە ناوی ئەو کەسانە بداتە پارێزگا و ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کە پۆستەکان پڕدەکەنەوە.

هاوکات، پۆستەکانی دیکەی ئیدارەی پارێزگاکە بەسەر پێکهاتەی عەرەب و تورکمان و مەسیحی شارەکەدا دابەشکراون.

دوای نزیكەی 12 ساڵ لەو رێككەوتنە، لە 18ی ئادار، راكان سەعید جبوری، بە نوسراوێك عەلی حەمادی، یاریدەدەری پارێزگار رادەسپێرێت، گۆڕانكارییەكان لە پۆستە كارگێڕیی و ئیدارییەكانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك جێبەجێبكات، ئەوەش بەپشتبەستن بە رێككەوتنی ساڵی 2009. بەڵام كورد هەوڵەكەی راكان سەعید لەڕێی حكومەتی فیدراڵەوە راگرت.

بەپێی رێككەوتنی ساڵی 2009، كە هەرسێ پێكهاتە سەرەكییەكەی كەركوك و كریستیان لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك واژۆیانكرد، پۆستی پارێزگار بۆ كورد، جێگری پارێزگار بۆ عەرەب و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ توركمان بوو، پۆستەكانی تری ئەنجومەن و ئیدارەی كەركوكیش بەڕیژەی لەسەدا 32 بۆ هەرسێ پێكهاتە سەرەكییەكە و لەسەدا چواریش بۆ كریستیان. بەڵام بەشێكی ئەو رێككەوتنە هێشتا جێبەجێنەكراوە لەوانەش ئەو 20 پۆستەی نێو ئەنجومەن.

گۆڕانكارییەكان بەپێی هەوڵەكەی راكان سەعید

پشكی عەرەب

سکرتێری سەرۆکی ئەنجومەن، بەڕێوەبەری بەشەكانی (هونەری، کۆمپیوتەر)، نوسینگەی لیژنەکان، نوسینگەی جێگری سەرۆکی ئەنجومەن

پشكی كورد

بەڕێوبەری نوسینگەی سەرۆکی ئەنجومەن، بەڕێوەبەری بەشەكانی ( وردبینی، ئالیات، کاروباری هاوڵاتیان و خزمەتگوزارییەكان).

پشكی توركمان

سکرتاریەتی جێگری سەرۆکی ئەنجومەن، بەڕێوەبەری بەشەكانی (ئیدارە، یاسایی، پلاندانان و بەدواداچون، بەشی راگەیاندن).

بڕیارە لە 19ی نیسانی ئەمساڵ، دادگای فیدراڵی عیراق بڕیاری كۆتایی لەسەر دۆسییەی هەڵوەشانەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق بدات.

ئەمە لەکاتێکدایە لە دوای روداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە راکان سەعید عەلی، ناسراو بە راکان جبوری کە بە رەگەز عەرەبە بە وەکالەت پۆستی پارێزگاری شاری کەرکوکی پێسپێردراوە و بەردەوام لەلایەن پێکهاتەکانی شارەکەوە بە جیاکاری و خزمەتنەکردنی شارەکە و پشتگوێخستنی ناوچە کوردییەکان تۆمەتبار دەکرێت.


PM:07:28:01/04/2021




ئه‌م بابه‌ته 2860 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت