فەتوایەکی نوێ لەسەر مامەڵەکردن بە بیتکۆین دەرکرا

‌دراوی ئەلیکترۆنی بیتکۆین.. فۆتۆ: گێتی

وێستگه‌ نیوز ـ
ئەنجومەنی باڵای فەتوای میسر رایگەیاند، هەموو جۆرە مامەڵەکردنێکی کڕین و فرۆشتنی تایبەت بە دراوی ئەلیکترۆنی "بیتکۆین" حەرامە.

ماڵپەڕی ئەنجومەنی فەتوای میسر بڵاویکردەوە، کە ئەنجومەنی باڵای فەتوای میسر پاش توێژینەوە و راوێژکردن بە شارەزا و پسپۆڕە ئابوورییەکان، هەروەها شارەزایان تایبەت بە دروای ئەلکترۆنی "بیتکۆین" بڕیاری حەرامکردنی هەموو جۆرە مامەڵەیەکی بەو دراوە ئەلکترۆنییە داوە.



لە فەتواکەدا هاتووە، مامەڵەکردن بە دراوی ئەلکترۆنی "بیتکۆین" کاریگەری نەرێنی لەسەر بازاڕ و قەبارەی کڕین و فرۆشتن هەیە، ئەمەش وایکردووە کە بڕیاری حەرامکردنی بدرێت، ئەو بڕیارەش دەبێتە هۆی هێشتنەوە و پاراستنی بارودۆخی بازاڕ و قەبارەی ئاڵوگۆڕ.

ئەنجومەنی باڵای فەتوای میسر ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرباری ئەو زیانە ئابوورییانە و ئەو مەترسیانەی کە بۆ سەر قەبارەی بازاڕ هەیەتی، بەڵام لە روانگەی شەرعەوە ئەوەی خستووەتەڕوو کە مامەڵەکردن بە دراوی ئەلیکترۆنی "بیتکۆین"ەوە نە زیانی هەیە و نە بێ زیانیشە.

مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردووش، ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێم رایگەیاند، بەکارهێنانی دراوە ئەلکترۆنییەکانی وەک، پایکۆین و بیتکۆین حەرامە، بەهۆی ئەوەی پاڵپشتی یاسایی نییە و لە قومار و یانسیبەوە نزیکە.

بیتکۆین، بریتییە لە دراوێکی ئەلیکترۆنی کە پشتی بە تەکنەلۆژیای بلۆکچەین بەستووە و چاوەڕێدەکرێت یەکەم دراوی ئەلیکترۆنی بێت کە لە داهاتوودا بە تەواوەتی جێگەی پارەی کاغەزی بگرێتەوە، پێشبینی ئەوەش دەکرێت، کە ئەو دراوە لە پێنج ساڵی داهاتوودا 200 هەزار دۆلار تێپەڕێنێت.


PM:03:45:05/03/2021


ئه‌م بابه‌ته 2616 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت