وه‌زاره‌تی ناوخۆ 13 بڕیاری نوێی ده‌ركرد

‌نێرگەلەکێشان لە کافتریاکان قەدەغەکرا

وێستگه‌ نیوز ـ

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رێکارە نوێکانی رێگری لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا راگەیاند و دەڵێت، یانە و کافتریا و شوێنی یارییەکان نابێت خزمەتگوزاریی نێرگەلە کێشان پێشکەش بکەن و لە کاتژمێر 12:00 تاوەکو 06:00ـی بەیانی دادەخرێن.

بەپێی بڕیارە نوێکانی وەزارەتی ناوخۆ، پێویستە کافتریا، یانەو چێشتخانەکان خزمەتگوزارییەکانیان لە دەرەوە لەنێو باخچەکانیان پێشکەش بە میوانانیان بکەن و ئەوانەی باخچەیان نییە پێویستە ژمارەی میوانان لە ژوورەوە سنووردار بکەن و تەواوی دەرگە و پەنجەرە و هەواگۆڕکێکان بکەنەوە و بەبەردەوامی دووری پێویست لەنێوان مێزەکاندا هەبێت.

هاوکات لە هۆڵەکانی بووکگواستنەوە دەبێت ژمارەی ئامادەبووان سنوورداربکرێت و رێگە لە قەرەباڵخی بگیرێت. بڕیارەکانیش لە ئەمڕۆ سێشەممە 2-3-2021 جێبەجێ دەکرێن.

وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت: "هەموو جۆرە کۆبوونەوە، گردبوونەوە، کۆنفرانس و بۆنەی ئایینی و کۆمەڵایەتیش قەدەخەیە".

لەبارەی قەدەخەی هاتووچۆ، وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت، لە رۆژانی پێنجشەممە، هەینی و شەممە لە پێنج تا حەوتی مانگی ئازار جگە لە هاتوچۆی شاندە فەرمییەکانی حکومی، دیپلۆماسی و هاوپەیمانان و نەتەوە یەکگرتووەکان، هاتوچۆ لەگەڵ پارێزگاکانی دیکەی عیراق قەدەغەیە.

کاری بازرگانی لە دەروازە سنوورییەکان و لەگەڵ پارێزگاکانی دیکەی عیراق بەردەوام دەبێت، ئەوەش بە رەچاوکردنی تەواوی رێکارە خۆپارێزییەکان.

وەزارەتی ناوخۆ لە 10-3-2021 جارێکی دیکە کۆدەبێتەوە و هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخەکە دەکەن.

وەزارەتی ناوخۆ دەسەڵاتی داوە بە وەزیرانی پەروەردە و خوێندنی باڵا و تەندروستی بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزیری ناوخۆ بۆ دەرکردنی هەر بڕیارێکی پێویست تا کۆبوونەوەی داهاتووی لیژنەی باڵا.



PM:03:47:02/03/2021






ئه‌م بابه‌ته 18932 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت