لە هەفتەی رابردوودا هەناردەی نەوتی عیراق بۆ ئەمریکا بۆ رێژەی سفر نزیک بۆتەوە


وێستگەنیوز- هیڤار هیوا

ئیدارەی وزەی ئەمریکا رایگەیاند، لە هەفتەی رابردوودا عێراق هیچ برە نەوتێکی هەناردەی ئەمریکا نەکردووە، بەراورد بە هەفتەکانی پێشتریش ئەمریکا برێکی کەم نەوتی هاوردە کردووە.
 
رۆژی یەکشەممە 28ی شوبات، ئیدارەی وزەی ئەمریکا رایگەیاند، "کۆی گشتیی نەوتی هاوردەکراو لە هەفتەی رابردوودا لە شەش وڵاتەوە رۆژانە سێ ملیۆن و 634 هەزار بەرمیل نەوت بووە، ئەوەش بەراورد بە هەفتەی پێشتر بە بڕی یەک ملیۆن و 534 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا کەمبۆتەوە".
 

سەبارەت بە هاوردەکردنی نەوت لە عێراقەوە، ئیدارەکە ئاماژەی بەوە داوە، هاوردەکردنی نەوت لە عێراق لە هەفتەی رابردوودا "سفر" بووە، لەکاتێکدا لە هەفتەی پێشتر رۆژانە 114 هەزار بەرمیل نەوت لەو وڵاتەوە هەناردەی ئەمریکا کراوە.
 
بەگوێرەی ئیدارەی وزەی ئەمریکا، کەنەدا بە پلەی یەکەم رۆژانە دوو ملیۆن و 831 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەی ئەمریکا کردووە، مەکسیک بە 355 هەزار بەرمیلی رۆژانە ریزبەندیی دووەم، کۆڵۆمبیا بە 300 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا ریزبەندیی سێیەم و سعودیەش بە 237 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا ریزبەندیی چوارەمی گرتووە. هەریەکە لە ئیکوادۆر 55 هەزار بەرمیلی رۆژانە و نایجیریاش 50 هەزار بەرمیل نەوتیان هەناردەی ئەمریکا کردووە.
 
هۆکاری دابەزینی هەناردەکردنی نەوت بۆ ئەمریکا لە هەفتەی رابردوودا بۆ ئەو شەپۆلە سەرمایە دەگەڕێتەوە کە رووی لە چەند ناوچەیەکی ئەو وڵاتە کردووە و بەهۆیەوە پاڵاوگەکانی نەوت پەکیان کەوت و ئاستی بەرهەمهێنان بۆ کەمترین رێژە دابەزی.


PM:08:41:28/02/2021


ئه‌م بابه‌ته 1768 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو