پاش حەوت ساڵ پرۆژەیاسای بودجەی هەرێم دەچێتە پەرلەمانی کوردستان

‌بودجەی هەرێم رەوانەی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت

وێستگه‌ نیوز ـ
پاش حەوت ساڵ لە نەبوونی پرۆژەیاسای بودجەی هەرێم، پێشبینیدەکرێت لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا ئەنجومەنی وەزیران بودجەی 2021 پەسەند بکات و دواتر بۆ دەنگدان لەسەری و پەسەندکردنی رەوانەی پەرلەمانی کوردستان دەکات.


دارا رەشید، وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێم بۆ میدیاکانی پارتی ئاشکرایکرد، ئامادەکارییەکانی پرۆژەیاسای بودجەی 2021ی هەرێم لە قۆناغەکانی کۆتاییدایە و لەم هەفتەیەدا ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەوە دەکات و پەسەندی دەکات و دواتر رەوانەی پەرلەمان دەکرێت.



ئاماژەی بەوەشدا، پێدەچێت دوای گفتوگۆکردنی، لە کۆتایی مانگی ئازاری داهاتوودا پەرلەمانی کوردستان پرۆژەیاساکە پەسەندبکات.

لەلایەن خۆیەوە، ئەرشەد لۆلانی ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند: پاش گەیشتنی پرۆژەیاساکە بۆ پەرلەمان، سەرۆکایەتی پەرلەمان لیژنە پەیوەندیدارەکان رادەسپێرێت راپۆرتی خۆیان لەبارەی بودجەوە ئامادەبکەن.

ئەمە لەکاتێکدایە، ماوەی حەوت ساڵە حکومەتی هەرێم پرۆژەیاسای بودجەی نییە و رەوانەی پەرلەمانی نەکردووە تا پەسەندبکرێت و بەرچاو روونبێت بەرامبەر داهات و خەرجییەکان.


AM:11:19:28/02/2021


ئه‌م بابه‌ته 2972 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت