زانیاری نوێ سەبارەت بەڕێككەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر بودجە


وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال
پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانی سائیرون لەپەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، هەرێم و بەغدا لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە نەگەیشتونەتە رێككەوتن، پەرلەمانتارێكی كوردیش دەڵێت، لێكتێگەیشتنی باش لەنێوان هەرێم و بەغدا لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە هەیە، بەڵام تائێستا شیعەكان یەك دەقی بەدیلیان نەهێناوە كە بڵێن ئەوە داخوازی ئەوانە لەبری ئەو دەقەی حكومەتی عێراق.

لەتێلیگرام وێستگە نیوز جۆین بكە

بەدر ئەلزیادی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائیرون لەپەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە، بەغدا لەگەڵ هەولێر لەسەر بودجەی 2021 نەگەیشتونەتە هیچ چارەسەرێك و هەفتەی داهاتوو بە زۆرینەی دەنگ لە پەرلەمان دەنگی لەسەر دەدەن.

بەڵام جەمال كۆچەر، پەرلەمانتاری لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق بەوێستگە نیوزی راگەیاند، لێكتێگەیشتنی باش لەنێوان هەرێم و بەغدا لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە هەیە، بەڵام تائێستا شیعەكان یەك دەقی بەدیلیان نەهێناوە كە بڵێن ئەوە داخوازی ئەوانە لەبری ئەو دەقەی لەحكومەتی عێراقەوە هاتووە، شیعەكان سێ قسەیان هەیە، بەڵام نەیانكردۆتە سێ بژاردە تا پەرلەمانتاران دەنگی لەسەر بدەن.

سەبارەت بەوەی ئەگەر پەرلەمانتارانی عەرەب مەبەستیان بێت، دەتوانن پڕۆژەكە لەپەرلەمان تێپەڕێنن، كۆچەر ئاماژەی بەوەكرد، كە بێگومان ئەگەر بیانەوێت تەنها شیعەش دەتوانێت پڕۆژەكە تێپەڕێنن، نموونەش دەركردنی هێزەكانی بیانی لەعێراق نە سوننە و نە كورد كەس لەژوورەوە نەبوو تێیانپەڕاند.

هەروەها ئەمڕۆ جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان دوای تەواوبوونی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دڵنیان هەرێم و بەغدا دەگەنە رێككەوتن و گفتوگۆكان زۆر ئەرێنین لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە.

لەكۆتایی ساڵی رابردووەوە چەندینجار قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بەسەرۆكایەتی وەفدی حكومەت وەك وەفدی دانوستان سەردانی شاری بەغدایان كردووە و لەگەڵ لایەنە سیاسی و حكومییەكان بۆ پڕۆژە یاسای بودجە و پشكی كورد تێیدا كۆبوونەتەوە.


PM:10:32:24/02/2021


ئه‌م بابه‌ته 17964 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت