هۆشیار عەبدوڵا: هەر تاوانێك پارتی بەناوی حكومەتەوە بیكات، یەكێتی و گۆڕان شەریك و بەشدارن لەگەڵیدا


وێستگە نیوز-
هۆشیار عەبدوڵا، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە، هەر تاوانێك پارتی بەناوی حكومەتەوە بیكات، یەكێتی و گۆڕان شەریك و بەشدارن لەگەڵیدا و دەڵێت، گۆڕین و هەڵوەشاندنەوەی ئەم كابینەیە ئەركێكی نیشتیمانییە.

لەتێلیگرام وێستگە نیوز جۆین بكە

هۆشیار عەبدوڵا، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی عێراق لەتویتەری خۆی نووسیویەتی "‏لەپاڵ شكستە ئیداریی و داراییەكانی ئەم كابینەی حكومەتی هەرێم، بەتایبەتی بێتوانایی و بێباكی لە دابینكردن و لێبرینی موچەی موچەخۆران، ئەجێندا ئەمنییەكانی كابینەی نۆ تا دێ مەترسی زیاتر لەسەر ئێستا و ئایندەی هەرێم دروست دەكەن، گۆڕین و هەڵوەشاندنەوەی ئەم كابینەیە ئەركێكی نیشتیمانییە".

‏ناوبراو ئاماژەی بەوەكردوە "ئەم كابینە ئەمنیە فاشیلە دارشەقەكانی یەكێتی و گۆڕانن، یەكێتی بە پلەی یەكەم و گۆڕان بە پلەی دوەم تاوانبارن بەوەی درێژە بە تەمەنی حوكمڕانیەك دەدەن كە كەرامەتی مرۆڤی لە هەرێمەكەدا خستۆتە مەترسیەوە، هەر تاوانێك پارتی بەناوی حكومەتەوە بیكا، یەكێتی و گۆڕان شەریك و بەشدارن لەگەڵیدا".

ئەو نووسینەی هۆشیار عەبدوڵا لەكاتێكدایە هەفتەی رابردوو دادگای تاوانەكانی دووی هەولێر سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەر شێروان شێروانی، رۆژنامەنووس و چوار چالاكوان دیكەی پارێزگای دهۆك سەپاند و دۆسیەكە رەوانەی دادگای پێداچوونەوەی هەرێم كراوە، ئەو رووداوەش كاردانەوەی توندی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێكەوتەوە.


PM:08:55:24/02/2021


ئه‌م بابه‌ته 1068 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت