باڵیۆزی ئەمەریكا لەعێراق: ئەنجامدەرانی هێرشە تیرۆریستییەكەی هەولێر باجی تاوانەكەیان دەدەن


وێستگە نیوز-

باڵیۆزی ئەمەریكا لەعێراق رایگەیاندووە، ئەنجامدەرانی هێرشە "تیرۆریستییەكەی" هەولێر باجی تاوانەكەیان دەدەن و جەختیشی لەهاوپەیمانێتی وڵاتەكەی و هەرێمی كوردستان كردۆتەوە.

لەتێلیگرام وێستگە نیوز جۆین بكە

ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ماتیۆ تولەر، باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق كرد، لە دیدارەكەدا بارودۆخی عێراق و پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا تاوتوێكرا.

بەپێی راگەیەنراوی حكومەتی هەرێم، باڵیۆزی ئەمەریكا پشتگیری وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان دەربڕی لە بەرامبەر هەڕەشەی رێكخراوە "تیرۆریستییەكان"، بە تایبەتی دوای هێرشە "تیرۆریسیتیەكەی" شاری هەولێر، سوپاسی هێزە ئەمنییەكانی هەرێمیشی كرد بۆ لێهاتوویی و شارەزاییان لە مامەڵەكردن لەگەڵ هێرشە "تیرۆریستییەكە" و دەستبەجێ بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەكردن بە هەماهەنگیی لەگەڵ هێزەكانی هاوپەیمانان. 

هەروەها باڵیۆزی ئەمەریكا ئاماژەی بە پێگەی گرنگ و ستراتیجی هەرێمی كوردستان كرد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەك هاوپەیمانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و روونیكردەوە، بەهەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی و ھەرێمی كوردستان، كاردەكەن بۆ ئەوەی ئەنجامدەرانی ئەم هێرشە، باجی تاوانەكەیان بدەن و بە سزای خۆیان بگەن.

لە بەرامبەردا مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەت سوپاسی پشتیوانی ئەمەریكا و هێزەكانی هاوپەیمانانی كرد و جەختیكردەوە، كە هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە، فاكتەرێكی گرنگی ئاسایش و سەقامگیریی دەبێت لە ناوچەكەدا.


PM:07:19:24/02/2021


ئه‌م بابه‌ته 1472 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو