لەحاڵەتی رێكنەكەوتنی هەولێر و بەغدا، پێشنیارێكی دیكە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەكرێت


وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال

ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنێت، ئەگەر حكومەتی ھەرێم و فیدڕاڵ نەگەشتنە ڕێككەوتن ئەوا پارێزگاكان سەرپشك بن لە ڕادەستكردنی داھاتە فیدڕاڵیەكان بە حكومەتی بەغدا بەمەرجی وەرگرتنی شایستەی دارایی موچەخۆران و پارێزگاكانیان.

رێكەوت زەكی، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەوێستگە نیوزی راگەیاند، پێویستە ئەنجومەنی پارێزگاكان بیر لەژیانی خەڵكەكەیان بكەنەوەو بەئەركی نوێنەرایەتی خۆیان جێبەجێ بكەن لەپێناو ڕزگار كردنی مووچەخۆران لەو چارەنوسە ناڕونە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد، لەم ھەلومەرجەدا دەبێت داوا لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەتایبەت لیژنەی دارایی بكەن كە بڕگەیەك جێگیر بكەن ئەگەر حكومەتی ھەرێم و فیدڕاڵ نەگەشتنە ڕێككەوتن ئەوا پارێزگاكان سەرپشكن لە ڕادەستكردنی داھاتە فیدڕاڵیەكان بە حكومەتی بەغدا بەمەرجی وەرگرتنی شایستەی دارایی موچەخۆران و پارێزگاكانیان.

رێكەوت زەكی دەڵێت، ئەگەر حكومەتی ھەرێمی كوردستانیش ئەمە بەمەترسی دەزانێت با مەلەفی نەوت ڕادەستی بەغدا بكات و خۆی فریای ژیانی موچەخۆران بكەوێت.

سەرەتای ئەم هەفتەیە شاندی هەرێم بۆ بەغدا بەسەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم و سەرۆكی شاندی هەرێم بۆ بەغدا سەردانی شاری بەغدایان كرد و دوای كۆبوونەوە لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، شەوی رابردوو گەڕانەوە هەرێم.


PM:07:05:28/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 14004 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت