مەرجەكانی سعودیە بۆ گەشتی عومرەی ئەمساڵ ئاشكرابوون


وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال

وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، وڵاتی سعودیە رەزامەندی بۆ دەستپێكردنەوەی گەشتی عومرە دەربڕیوە، بەڵام پێویستییان بەڕەزامەندی وەزارەتی تەندروستییە بۆ رێكارەكانی خۆپارێزی كۆرۆنا.

نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەوێستگە نیوزی راگەیاند، وڵاتی سعودیە رەزامەندی داوە بۆ دەستپێكردنەوەی گەشتی عومرە، وەك وەزارەتیش نووسراوێكی فەرمییان بۆ وەزارەتی تەندروستی كردووە تا بزانن رێكارە تەندروستییەكانی گەشتی عومرە چۆنن، بەڵام تائێستا وەڵامیان نەداونەتەوە.

ناوبراو روونیكردەوە، ئەمساڵ سعودیە تەمەنی عومرەكار لە 18 بۆ 50 ساڵ دیاریكردووە و هەر گەشتیارێكیش دەڕوات پێویستە بۆ ماوەی سێ رۆژ لەسعودیە كەرەنتین بكرێت، هەر قافڵەیەیشك تووشی كۆرۆنا بوون لەسەر ئەركی خۆیان بۆ 14 رۆژ كەرەنتین دەكرێن.

وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف ئاماژەی بەوەكرد، ئەمساڵ عومرەكاران ناتوانن لە هەموو نوێژە فەرزەكان بڕۆنە كەعبەی پیرۆز، هەروەها نرخی تێچووی عومرە جیاوازترە بەو پێیەی ئەگەر جاران فڕۆكەیەك چەند نەفەری بگرتایە گەشتەكەی دەكرد، بەڵام ئێستا گواستنەوەی گەشتیاران بەفڕۆكەكە بۆ نیوە كەمیكردووە، جاران چوار عومرە لەژوورێكدا دەبوون، بەڵام ئێستا لەژوورێكدا دوو كەس دەبێت بمێننەوە.
  
هەر لەو بارەیەوە د.ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەوێستگە نیوزی راگەیاند، مەسەلەی رێگەدان بەدەستپێكردنەوەی گەشتی عومرە یەكێكە لەو بابەتانەی لەكۆبوونەوەی داهاتووی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێت.


PM:03:31:28/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 2788 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو