موچه‌ی لیوكانی پێشمه‌رگه‌ به‌بێ لێبڕین دابه‌ش ده‌كرێت


وێسگه‌ نیوزـ

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ لە راگەیەندراوێکدا جەختی کردەوە كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم له‌مه‌ودوا موچه‌ی لیواكان و دامه‌زراوه‌كانی مه‌شقی سه‌ربازیی سه‌ربه‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ به‌بێ لێبڕین دابه‌ش ده‌كات.

هەرچەندە لە خشتەی دابەشکردنی موچەی وەزارەتی داراییدا، بڕیاربوو ئەمڕۆ یەکشەممە 24ی کانونی دووەمی 2021 موچەی وەزارەتی پێشمەرگەش دابەشبکرێت، بەڵام دابەش نەکرا، دواتر ده‌نگۆی ئه‌وه‌ بڵاوبوه‌وه‌ كه‌ موچه‌ی لیواكان و دامه‌زراوه‌كانی مه‌شقی سه‌ربازیی سه‌ربه‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ به‌بێ لێبڕین دابه‌ش ده‌كرێت، له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ رونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌ كه‌ لەبارەی بڵاوبونەوەی هەواڵی پێدانی موچەکانی هێزەکانی پێشمەرگە بەبێ لێبڕین، جه‌ختیكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە بۆ باشکردنی ژیان و گوزەرانی پێشمەرگە قارەمانەکان بەردەوامە.
 
له‌ به‌شێكی دیكه‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه‌ كه‌ پاش راوێژو گفتۆگۆی راوێژکارانی باڵای هاوپەیمانان لەگەڵ وەزیری پێشمەرگە، دوای رەزامەندی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاردرا ئەو بڕە هاوکارییەی کە لەلایەن هاوپەیمانانەوە دابین دەکرا راستەوخۆ بخرێتە سەر ژمارە حیسابی وەزارەتی پێشمەرگەو لەو رێگەیەوەش بڕی هاوکارییەکە وەک خۆی بەبێ دەستکاریکردن بدرێت بەلیوا هاوبەشەکانی وەزارەتی پێشمەرگه‌.

دەقی راگەیەندراوەکە:

لەبارەی بڵاوبوونەوەی هەواڵی پێدانی مووچەکانی هێزەکانی پێشمەرگە بەبێ لێبڕین، رایدەگەێنین: هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە بۆ باشکردنی ژیان و گوزەرانی پێشمەرگە قارەمانەکان بەردەوامەو، لەم چوارچێوەیەشدا پاش راوێژو گفتۆگۆی راوێژکارانی باڵای هاوپەیمانان لەگەڵ بەڕێز وەزیری پێشمەرگە، دوای رەزامەندی بەرێز سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاردرا ئەو بڕە هاوکارییەی کە لەلایەن هاوپەیمانانەوە دابیندەکرا راستەوخۆ بخرێتە سەر ژمارە حیسابی وەزارەتی پێشمەرگەو، لەو رێگەیەوەش بڕی هاوکارییەکە وەک خۆی بەبێ دەستکاریکردن بدرێت بەلیوا هاوبەشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە.

ئەو بڕیارە دوای ئاراستەی دروستی هەنگاوەکانی چاکسازی دێت لە وەزارەتی پێشمەرگە، کە بەهاوکاری هاوپەیمانان بەردەوامی هەیە بۆ دروستکردنی هێزێکی سەربازی سەردەمیانە.

لەمڕوەشەوە هەوڵەکانی حکومەت و وەزارەتی پێشمەرگە چڕترکراونەتەوە، بۆ ئەوەی قەبارەی هاوکارییەکان باشترو فراونتر بکرێت و لەهەنگاوەکانی دادێی پڕۆسەی "رێکخستنەوەو یەکخستنەوەدا" سەرجەم هێزەکان بگرێتەوە.
 
پێشتریش جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە هۆكاری دابه‌شنه‌كردنه‌كه‌ی رونكرده‌وه‌ و وتبوی بڕیاربوو ئەمڕۆ موچەی وەزارەتی پێشمەرگە دابەشبکرێت، چەکی بانکیش دراوە بە بەشی ژمێریاری، بەڵام بەهۆی ئەوەی بانکەکان تەمویل نەکراون و گوشاریان لەسەرە، نەتوانرا موچەی وەزارەتی پێشمەرگە دابینبکرێت، وتیشی"دیار نییە کەی دابەش دەکرێت".


PM:09:15:24/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 8056 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت