عیراق بەنیازە بەرهەمهێنانی نەوت بە نەوتی هەرێمی کوردستانیشەوە کەمبکاتەوە


وێستگه‌ نیوزـ

کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عیراق (سۆمۆ) ڕایگەیاند، بە مەبەستی قەرەبووکردنەوەی پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ئۆپیك پڵەس لە ساڵی ڕابردوودا، عیراق نیازی وایە بەرهەمی نەوت لە مانگەکانی کانونی دووەم و شوباتدا کەمبکاتەوە.

عەلی نزار، جێگری سەرۆکی کۆمپانیای سۆمۆ ڕایگەیاند، عیراق بۆ مانگەکانی کانونی دووەم و شوبات نزیکەی 3.6 ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە بەرهەم دەهێنێت، ئەوەش بە بەراورد بە بەرهەمهێنانی 3.85 ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە لە مانگی كانونی یه‌كه‌مدا، ڕاشیگەیاند، عیراق هیشتا پابەندە بە ڕێککەوتنی ئۆپیك پڵەس، کە تا ساڵی داهاتوو درێژەی دەبێت.

وتیشی: توانای عیراق لە بەدەستهێنانی ئەو ئامانجە دەوەستێتە سەر ڕازیبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کەمکردنەوەی ئاستی هەناردەی کێڵگە نەوتییەکانی. حکومەتی ناوەندیی لە ڕابردوو ناڕەزایی دەربڕیوە لەوەی ناتوانێت کۆنتڕۆڵی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان بکات.

مانگی نیسانی ساڵی ڕابردوو گروپی هاوپەیمانیی ئۆپیك پڵەس، بڕیاریدا ئاستی بەرهەمهێنان له‌پێناو بەرزبونەوەی نرخی نه‌وت، كه‌مبكاته‌وه‌ کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە گورزی کووشندەی بەرکەوتبوو. 

چه‌ندین جاریش سعودیە ڕەخنەی لە عیراق و ئه‌ندامانی دیكه‌ی ئۆپیك گرتووە بەهۆی بەرهەمهێنانیان لەسەرووی ئەو ئاستەی بەپێی ڕێککەوتنەکە بۆیان دیاریکراوە و داوای لێکردون قەرەبووی زیادە بەرهەمهێنانەکانیان بکەنەوە.


PM:08:58:24/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 1448 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو