گەزنەیی: لەخاڵێكی سنووریی، نەوت بە قاچاغ داخڵ دەكرێت و بازرگانی پێوە دەكرێت


وێستگە نیوز-
پەرلەمانتارێكی لیژنەی سامانە سروشتییەكان رایدەگەیەنێت، بڕێكی زۆر نەوت كە بڕەكەی ٣٠ هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێكدا، بە قاچاخ داخڵ دەكرێت بۆ ناو هەرێمی كوردستان و لێرە بازرگانی پێوە دەكرێت، ئەم دیاردەیە لە هەموو دیاردەكانی دیكەی قاچاخیكردن مەترسیدارترە.

كاروان گەزنەیی، پەرلەمانتاری لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان لەپەرلەمانی كوردستان لەفەیسبوكی خۆی نووسیویەتی، لە یەكێك لە خاڵە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان، نەوت بە قاچاغ داخڵ دەكرێت و بازرگانی پێوە دەكرێت!!

كاروان گەزنەیی بەپشت بەستن بەڕاپۆرتێكی فۆڕن پۆڵەسی، بڕێكی زۆر نەوت كە بڕەكەی ٣٠ هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێكدا، بە قاچاخ داخڵ دەكرێت بۆ ناو هەرێمی كوردستان و لێرە بازرگانی پێوە دەكرێت، ئەم دیاردەیە لە هەموو دیاردەكانی دیكەی قاچاخیكردن مەترسیدارترە، چونكە هەرێمی كوردستان بە هیچ شێوەیەك سوود لەمە نابینێت! ئەم بازرگانیكردنەش لە كاتێكدایە كە هەرێم زۆرترین كێشەی لە فرۆش و پڕۆسەی نەوتدا هەیە!

ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت "بەپێی راپۆرتەكە ئەم نەوتە قاچاخە لە دەروازەی سمێلكا داخڵ دەكرێت و ئەگەری زۆر هەیە كە لێرە لە پاڵاوتگەی لاناز بپاڵێورێت و بكرێتەوە بە بەرهەم، بەڵام دیسان دیار نییە بەرهەمەكەی بۆ كێیە و چەندە و چۆنە!".

وەك گەزنەیی باسیكردووە، ئەم نەوتە لە باكووری سووریاوە داخڵی هەرێمی كوردستان دەكرێت و بەو پێیەش ڕۆژانە چەند كەس و گروپێك ملیۆنان دۆلار سوودی لێدەبینن و خێر دەكەن، بە بێ ئەوەی یەك دینار بۆ خەزێنەی دەوڵەت بگەڕێتەوە.

هەروەها وتویەتی "ئەم قاچاخی و بە تاڵانبردنی وڵاتە لە كاتێكدایە تائێستا پاڵێوتگەكانی هەرێم یەك لیتر نەوتی سپی بۆ هاووڵاتییان ناپاڵێون و تائێستاش كێشەی نەوتی سپی و بەنزین لە كوردستان دوو كێشەی سەرەكین، لە پاڵ كێشەی مووچە و كێشەی خزمەتگوزارییە گشتییەكان". 


PM:07:46:24/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 1880 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو