هەژماری بانكی بۆ هێزەكانی پێشمەرگە دروست دەكرێت


وێستگە نیوز-
وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، بۆ رێكخستنەوەو كۆنتڕۆڵكردنی مووچەی هێزەكان و سەرخستنی پڕۆسەی چاكسازی لەوەزارەتی پێشمەرگە، هەژماری بانكی بۆ پێشمەرگە دروست دەكرێت.

بەپێی راگەیاندراوێكی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ  شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە لەگەڵ د. عەبدولكەریم خەسرۆ، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجومەنی وەزیران و هاوكات سكرتێری لیژنەی چاكسازی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.

هەر بەپێی راگەیەنراوەكە، لەكۆبونەوەیەكدا كە بەرپرسی تیمی بایۆمەتری لەحكومەتی هەرێمی كوردستان و نوێنەرانی یەكەی 70 و 80 ئامادەیبوون، بەوردی پڕۆسەی بایۆمەتری هێزەكانی پێشمەرگە تاوتوێكرا، كە دواجار دەبێتە هۆی رێكخستنەوەو كۆنتڕۆڵكردنی مووچەی هێزەكان و سەرخستنی پڕۆسەی چاكسازی لەوەزارەتی پێشمەرگە.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا وەزیری پێشمەرگە روونیكردەوە‌،‌ كە هاوپەیمانان بەردەوام جەخت لەسەر پرسی بایۆمەتری دەكەنەوە، كە دواجار دەبێتە هۆی خێراكردنی پڕۆسەی چاكسازی، بۆ ئەمەش رایگەیاند، پرۆسەی بایۆمەتری لەناو وەزارەت كۆتایی پێهاتووەو لیستی ناوی هێزەكانی 70 و 80 ئامادەكراوە بۆ ئەوەی بخرێنە ژێر پرۆسەی بایۆمەترییەوە.

وەك لەڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، بڕیاردرا هەژماری بانكی بۆ یەك بەیەكی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان دروست بكرێت.


PM:07:19:24/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 2132 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت