خۆپیشاندان لە روسیا بۆ ئازادکردنی ناڤالنی بەردەوامە


وێستگەنیوز- هێڤار هیوا 
لە روسیا خۆپێشاندان بۆ ئازادکردنی ئەلێکسی ناڤالنی، سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی رووسیا بەردەوامە ، هێزە ئەمنیەکانیش هەتا ئێستا زیاتر لە سێ هەزار کەسی دەستگیرکردووە.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی بی بی سی، بۆ یەکەمجار لە چەند ساڵی رابردوودا، خۆپیشاندانێکی فراوان دژی فلادیمیر پوتین، سەرۆکی روسیا بەڕێوە دەچێت دژی بریاری دەستگیرکردنی ئەلێکسی ناڤالنی، سەرکردەی ئۆپۆسزیۆنی رووسیا بەردەوامە. 

لە پاش گەرانەوەی ئەو سەرکردە ئۆپۆزسیۆنە لە وڵاتی ئەڵمانیا، راستەوخۆ لە لایەن پۆلیسی روسیاوە دەستگیرکرا، ئەو لە زیندانەوە داوای لە لایەنگرانی کرد خۆپیشاندان بکەن و بەو هۆیەوە دەیان هەزار کەس لە چەند شارێکی روسیا رژاونەتە سەر شەقامەکان و داوای ئازادکردنی دەکەن. 

 بەپێی راپۆرت و خەمڵاندنەکانی ئاژانسی رۆیتەرز، ژمارەی خۆپێشاندەران نزیکەی 40 هەزار کەسن، بەڵام وەزارەتی ناوخۆی روسیا رایگەیاندووە، ژمارەی خۆپێشاندەران نزیکەی چوار هەزار کەسن و لەو ژمارەیە تێپەڕناکەن. 

ئەوەی جێگەی سەرنجی میدیا جیهانەکانە وتنەوەی دروشمی " ئازادی بۆ ناڤالنی، پوتین دورکەوەرەو" بوو، یەکێک لە خۆپیشاندەرانیش دەڵێت، روسیا بۆتە زیندانێکی گەورە و ئازادی تیادا نەماوە، هەتا ئێستا ئێستا زیاتر لە سێ هەزار خۆپیشاندەر دەستگیرکراون و تا دێت رێژەکە لە بەرزبوونەوەدایە. 

ئەلێکس ناڤالنی، سەرۆکی پارتی روسیای ئایندە کە پارتێکی ئۆپۆسزیۆنە دژی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە، لە پاش مانەوەی بۆ نزیکەی سێ مانگ لە نەخۆشخانەکانی بەرلین، گەڕایەوە روسیا و راستەوخۆ لە لایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا، هەر یەک لە بەریتانیا و ئاڵمانیا داوای دەست بەجێ ئازادکردنی دەکەن. 

لە 20ی ئابی 2020، لە هۆتێلێک لە شاری تۆمسکی رووسیا، ئەلێکس ناڤالنی بە گازی ژەهراوی نۆڤیچۆک ژەهراوی کرا. 

پاش مانەوەشی بۆ ماوەی 17 رۆژ بە بێهۆشی، توانی هۆشی بۆ بگەرێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستاش چاوێکی بەتەواوی هەڵنایەت. پزیشکە ئەڵمانییەکان دەڵێن، "ژەهرخوارد کراوە".

لە دوای دەستگیرکردن و ژەهرخواردنكردنەکەشی، هەر یەک لە ئەڵمانیا، بەشێکی وڵاتانی ئەوروپا، هاوپەیمانێتیی ناتۆ و نەتەوە یەکگرتووەکان، داوای روونکردەوە لە رووسیا دەکەن.
لە بەرامبەردا رووسیا، وڵاتانی ئەوروپا بە گواستنەوەی زانیاری هەڵە تۆمەتبار دەکەن و دەڵێن، "ئەڵمانیا بەڵگەیەکیان نیە بۆ ئەو تۆمەتانە".

ناڤالنی یەکێکە لەو سەرکردە ئۆپۆسزیۆنانەی کە بە توندی دژی فلادیمیر پوتین، سەرۆکی رووسیایە کە لە ماوەی 10 ساڵی رابردوو چەندین خۆپێشاندانی دژی بەرتەسکی ئازادی رادەربڕین و تاکڕەوی سیستەمی دەسەڵات لە وڵاتەکە دەربڕیوە.



PM:01:11:24/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 4612 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت