نوێترین زانیاری سەبارەت بەدەستپێكردنەوەی قۆناغەكانی دیكەی خوێندن لەكوردستان


وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال

وا بڕیارە رۆژی 2ی شوبات، لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كۆببێتەوە بۆ بڕیاردان لەئەگەری دەستپێكردنەوەی خوێندنی قۆناغەكانی دیكە، لەشاری سلێمانیش تائێستا دۆخی كۆرۆنا لەخوێندنگەكان لەئاستێكی باشدایە و رەنگە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو خوێندنی قۆناغەكانی دیكەش دەست پێبكاتەوە.

بەپێی زانیارییەكانی سەرچاوەیەكی ئاگادار لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی بۆ وێستگە نیوز، بڕیاردان لەدەستپێكردنەوەی قۆناغەكانی دیكەی خوێندن لەكۆبوونەوەی رۆژی 2ی شوباتی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا دەردەكەوێت، بەڵام بەو پێیەی ئەم هەفتەیە مووچەی مامۆستایان دابەش دەكرێت و دۆخی كۆرۆناش بەرەو كەمبوونەوە دەڕوات، بۆیە ئەگەری زۆرە لەناوەڕاستی مانگی داهاتوو خوێندنی قۆناغەكانی دیكەش لەناو پۆلدا دەست پێبكاتەوە.

سەبارەت بەدۆخی كۆرۆنا لەو خوێندنگایانەی 12ی ئامادەیی كە هەفتەیەكە كراونەتەوە، سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەكرد، دۆخی كۆرۆنا زۆر باشە و تائێستا هیچ حاڵەتێكی نوێیان تێدا تۆمار نەكراوە.

مانگی رابردوو لیژنەی باڵای رووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بڕیاریاندا رۆژی 16ی ئەم مانگە قۆناغی 12ی ئامادەیی لەناو قوتابخانەكان دەست پێبكاتەوە و رۆژی 2ی شوبات هەڵسەنگاندنی نوێ بۆ دۆخەكە دەكەنەوە و رۆژی 1ی ئازاریش قۆناغەكانی دیكە دەست پێدەكاتەوە.

بەهۆی هاتنی ڤایرۆسی كۆرۆناوە بۆ هەرێمی كوردستان، لەڕۆژی 25ی شوباتی ساڵی رابردووەوە خوێندن لەناو خوێندنگەكاندا راگیرا.





PM:02:22:23/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 36348 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت