تەندروستی جیهانی: هێشتا زووە بزانین سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا لە كوێ بووە


وێستگە نیوز-
رێكخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاندووە، هەرچەندە بۆ یەكەمجار لەوڵاتی چین ڤایرۆسی كۆرۆنا سەریهەڵدا، بەڵام هێشتا زووە بزانن سەرچاوەی سەرهەڵدانی ڤایرۆسەكە كوێ بووە.
 
مایكل رایان، بەڕێوەبەری بەرنامەی بارودۆخە نائاساییەكان لەڕێكخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاندووە، هەموو گریمانەكان لەسەر مێز دانراون تا بزانرێت سەرچاوەی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا كوێ بووە، بەڵام بەدڵنیاییەوە هێشتا زووە بە وردی و دروستی بزانرێت سەرچاوەی یەكەمی سەرهەڵدانەكە كوێ بووە، جا چ لە ناوەوەی چین یان دەرەوەی ئەو وڵاتە بووبێت.
 
لەرۆژی 14ی ئەم مانگەوە، تیمێك لە شارەزایانی بایۆلۆجی سەر بە رێكخراوی تەندروستیی جیهانی سەردانی شاری ووهانی چینیان كردووە كە گومان دەكرێت ڤایرۆسی كۆرۆنا لەوێوە سەری هەڵدابێت.
 
رایان ئاماژەی بەوەكرد، چەند تێبینییەكی زانستی جیاواز لە چەند ناوچەیەكی جیاوازی جیهان هەن كە هەموویان گرنگن، چونكە دیمەنەكە لە ئەنجامی كۆكردنەوەی ئەو هەموو زانیارییانە دەردەكەوێت. 

ناوبراو روونیكردۆتەوە، تیمەكەیان لە ووهانی چینە و لەگەڵ هاوڕێ چینییەكانیان دەستیان بە لێكۆڵینەوە زانستییەكان كردووە، داتاكان كۆدەكەنەوە و لەسەر بنەمای ئەو داتایانە هەنگاوی داهاتوویان دیاری دەكەن.


AM:09:00:23/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 900 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت