زۆربەی پۆستە حکومیەکانی هەڵەبجە لەلایەن ژنانەوە بەڕێوەدەبرێن

‌چوار لەو ژنانەی پۆستی باڵایان لە هەڵەبجە بە دەستەوەیە

وێستگە نیوزـ کامەران کەریم

هەڵەبجە یەکەم پارێزگایە کە زۆربەی پۆستە حکومیەکان لەلایەن ژنانەوە بەڕێوە دەبرێن، سەرۆکی شارەوانی ئەو پارێزگایە کە ژنە رایگەیاند، ئۆمێدەوارن لایەنە سیاسیەکان لەکاتی بەرکەوتنی پۆست رەچاوی ژن بکەن.

کوێستان ئەکرەم، سەرۆکی شارەوانی پارێزگای هەڵەبجە بە وێستگە نیوزی راگەیاند: "سەبارەت بەپۆستە حکومیەکان لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە خۆشبەختانە یەکەم پارێزگاین کەتوانراوە رێژەی ژن زۆرترین پۆسته‌كانی پارێزگاكه‌ی به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌، وەک (سەرۆکی شارەوانی- قایمقام- سەرۆکی زانکۆ- نووسینگەی مافی مرۆڤ- بەڕێوەبەری گشتی شارەوانیەکان- دادگای لێکۆڵینەوە- سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەت- وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی) ".

به‌ وته‌ی سه‌رۆكی شاره‌وانی، لە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەش چەند خوێندنگایەک هەیە كه‌ ژن بەڕێوەبەریانە، کەساڵانە لەسەر ئاستی هەرێم پلەی زۆر باش بەدەست دەهێنن، وتیشی: "ئەم کارە بۆمێژووی دێرینی هەڵەبجە دەگەڕێتەوە لەمێژە خاوەن ئەم کەلتورو شارستانیە و بەقەناعەتەوە ژنی کردووە بەپێشەنگ، لەسەدەی 19 دا عادیلە خانم توانیویەتی فەرمانڕەوایی هەڵەبجە بکات قەڵەمڕەوی تا سنەو مهاباد بڕوات لەوڵاتی ئێران لەکوردستانیش تا خانەقین و موسڵ نوسراوەکانی بەفەرمی کاری پێکراوە".

ئه‌وه‌شی زیاد كرد: "لەوکاتەوە خەڵکی هەڵەبجە راهاتوون بەوەی زۆرئاساییە ئەگەر ژنێک فەرمانڕەوایەتیان بکات و جیاوازی جێندەریان نەکردووە بەگرفت بۆ ڕاییکردنی مامەڵەکانیان، ئێمە لە رەگەزی بەرامبەر کەمناکەینەوە بە بۆچوونی من ژنان لە ئیش و کارەکان ئیداری ترن،  لەساڵی 2014 راپرسیەک کرا کە  ئایا ژن چالاکترە لە رەگەزی بەرامبەر زۆربەی وەڵامەکان ئه‌رێنی بوون، بوونی ژنان لەپۆستەکان هیچ کاتێک لەمپەروکێشەی بۆدروست نەکردووین".

کوێستان ئەکرەم، داواکاربوو هەموو لایەنە سیاسیەکان لەکاتی دیاری کردنی کاندیدی خۆیان بۆهەر پۆستێک کە پشکیان دەبێت، رەچاوی رێژەی ژنان بکەن. وتیشی: "جێگای خۆیەتی سوپاسی یه‌كێتی بکەم لێرەوە کە ئەو ژنانەی باسمان کردن لەسەر پشکی ئەو حزبەیە، داواکارین لە داهاتوودا لایەنە سیاسیەکان رەچاوی ژنان بکەن بۆ پێدانی  پۆستی حکومی".


PM:02:28:22/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 1900 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت