بۆ هێرشكردنە سەر پەكەكە، توركیا دوو بژاردەی خستە بەردەم بەغدا و هەولێر


وێستگە نیوز-
بۆ هێرشكردنە سەر پەكەكە لەهەرێمی كوردستان، وەزیری بەرگری توركیا دوو بژاردەی خستۆتە بەردەم بەرپرسانی عێراق و هەرێمی كوردستان، بەڵام بەغدا و هەولێر رەزامەندی كۆتاییان نەداوە.

ڕۆژنامەی (هەبەرتورك) سەبارەت بە سەردانی خڵوسی ئاكار، وەزیری بەرگری توركیای بۆ بەغدا و هەولێر ئاشكرا كردووە و رایگەیاندووە، توركیا پێشنیازی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی هاوبەشی پەكەكەی خستۆتە بەردەست هەولێر و بەغدا، بەشێوەیەك توركیا دەیەوێت بە پاڵپشتی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئۆپەراسیۆنەكە ئەنجام بدات، بەڵام هێشتا بەغدا تێبینی لەسەر ئەو هەنگاوەی توركیا هەیە، ئەگەر هەردوو حكومەتی عێراق و هەرێمیش ڕازی بن، ناوەڕاستی مانگی ئاداری داهاتوو ئۆپەراسیۆنەكە ئەنجام دەدرێت.

وەك رۆژنامەكە باسیكردووە، عێراق دەیەوێت بزانێت دوای ئۆپەراسیۆنەكە سوپای توركیا لە چ وادەیەكدا دەكشێتەوە، هاوكات دەیەوێت كاردانەوەی شەقامی عێراقیی بزانێت، لەسەروو هەموشیەوە دەیەوێت سیاسیەتی ئیدارەی جۆ بایدن بەرامبەر بەغدا بزانێت.

هەر بەپێی راپۆرتەكەی هەبەرتورك، بژاردەی دووەمیش ئەوەیە ئەگەر ئۆپەراسیۆنی سەربازیی هاوبەش ئەنجام نادەن، توركیا ئامادەیە هاوكاریی لۆجستی و هەواڵگریی پێشكەشی بەغدا و هەولێر بكات بۆ لێدان لەپەكەكە.

دوێنێ خڵوسی ئاكار، وەزیری بەرگری توركیا و شاندێكی یاوەری سەردانی شاری بەغدایان كرد و ئەمڕۆش لەشاری هەولێر لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حكومەتی هەرێم كۆبووەوە.


PM:09:31:19/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 2012 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت