پارچەی فڕۆکە تێکشکاوەکەی ئیندۆنیسیا لە دەریادا دۆزرایەوە

‌فۆتۆ: گێتی

وێستگەنیوز- هێڤار هیوا
وەزیری بەرگری ئیندۆنیسیا رایگەیاند، پارچەی زیاتری فرۆکە تێکشکاوەکەیان لەناو قوڵایی دەریادا دۆزیوەتەوە  و بەپێی پێشبینییەکان سەرجەم سەرنشینانی گیانیان لە دەست داوە.


بەپێی هەواڵی میدیا جیهانییەکان سەرلەبەیانی ئەمرۆ یەکشەممە، سەربازانی ئیندۆنیسیا لە کەناراوەکانی جاکارتا پارچە نایلۆنێکی گەورەیان راخستوە و سەرجەم کەلوپەلە شکاوەکانی فڕۆکەکەیان لەسەر نمایش کردووە، گەڕانیش بە دوای سەرنشینەکاندا لە لایەن تیمی مەلەوانی ئەو وڵاتەوە بەردەوامە.

هاوکات وەزارەتی گواستنەوەی ئیندۆنیسیا رایگەیاندووە، فڕۆکەی بۆینگ (737)ە تەمەنی (27) ساڵە و لە جاکارتای پایتەختی ئەو وڵاتەوە بەڕێکەوتووە بۆ شاری پۆنتیاناکی هەمان وڵات، بەڵام بە شێوەیەکی کتوپڕ دوای تەنها چوار خولەک لە فڕینی، لە ماوەی یەک خولەکدا 10 هەزار پێ نزم بۆتەوە و دواتر پەیوەندیمان لەگەڵیدا پچڕاوە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، هێشتا پرۆسەی گەڕانی چڕ بەردەوامە و لە ئەگەری دۆزینەوەی سندوقە رەشەکەی فرۆکەکە، بەرچاوڕوونی زیاترمان دەبێت و بەداخەوە بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان سەرجەم سەرنشینانی فرۆکەکە گیانیان لە دەست داوە.

کاتژمێر 2:40 خولەکی شەوی شەممە ئەو فرۆکە ئیندۆنیسیە دەستی بە گەشتی ئاسایی خۆی کرد و لە پاش چەند خولەکێک بە شێوەیەکی نا ئاسایی نزم بووەوە و دواتر سەرجەم پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕاداردا پچڕا و بە تەواوی ونبوو. دوای زیاتر لە شەش کاتژمێر، بەرپرسانی ئەو وڵاتە دۆزینەوەی فرۆکەکەیان بە تێکشکاوی راگەیاند و ئاماژەیان بەوە کرد "فرۆکەکە 50 سەرنشین و 12 کارمەندی دەستەی فرۆکەوانی هەڵگرتبوو کە لە نێویاندا حەوت منداڵ هەیە و زانیارییەکان ئەوە نیشان دەدەن کە سەرجەم سەرنشینان و کارمەندانی دەستەی فرۆکەوانی فرۆکەکە گیانیان لە دەست داوە".

پێشتریش لە ساڵەکانی 2018 و 2019 دا دوو جاری دیکە فرۆکەی کۆمپانیای بۆینگ تێکشکاوە و بەو هۆیەوە ئەمریکا بۆ ماوەی دوو ساڵ رێگەی لەو جۆرە فرۆکەیە گرت کە لە زەوی بەرزبێتەوە.


PM:02:28:10/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 356 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت