بزوتنەوەی گۆڕان: ئیدانەی بەكارهێنانی توندوتیژی دەكەین بەرامبەر خۆپیشاندەران


وێستگە نیوز-

بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت، پشتگیری تەواوی داواكارییەكانی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەكەن و ئیدانەی بەكارهێنانی توندوتیژیش دەكەن بەرامبەر خۆپیشاندەران.

بزووتنەوەی گۆڕان لەڕاگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە، خۆپێشاندان و گردبونەوەی مەدەنی بۆ دەربڕینی ناڕەزایی یەكێكە لەسەرەتایترین مافە مەدەنیەكانی هاوڵاتیان، لە ئێستاشدا گوزەرانی خەڵك بەگشتی و باری گوزەرانی موچەخۆران بە تایبەت لە دۆخێكی خراپدایە، لەم پێناوەشدا خەڵكی كوردستان مافی خۆیەتی بۆ پرسی موچە و بژێوی خۆپیشاندان بكات. 

بزووتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بەوەكردووە، پشتگیری تەواوی داواكارییەكانی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەكەن بۆ فەراهەمكردنی ژیانێكی شایستە و موچە، هەموو هەوڵی سیاسیشیان لە ماوەی ڕابردودا هەر بەم ئاراستەیەدا بووە لەحكومەتدا. 

وەك لەڕاگەیەنراوەكە هاتووە، گۆڕان بە توندی ئیدانەی بەكارهێنانی توندوتیژی دەكات بەرامبەر بە خۆپیشاندەران، داواكاریشن لە هێزە ئەمنیەكانی پارێزگای سلێمانی كە دەستبەجێ بەكارهێنانی توندوتیژی بوەستێنن و گیراوەكانیش ئازاد بكەن. هەروەها پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان پەلە بكات لە ئەنجامدانی چاكسازی و ڕێكەوتن لەگەڵ بەغداد بە ئامانجی دابینكردنی قوتی خەڵكی كوردستان.

لەدوێنێوە خۆپیشاندان لەشاری سلێمانی دەستی پێكردووە و لە هەردوو رۆژەكەش هێزە ئەمنییەكان بە گازی فرمێسكڕێژ و تەقە بەئاسماندا دەیانەوێت بڵاوە بەخۆپیشاندەران بكەن.




PM:04:30:03/12/2020


ئه‌م بابه‌ته 4380 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت