ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی نیوەی دیپلۆماتکارەکانی لە عیراق دەرکرد

‌گێتی

وێستگه‌ نیوز ـ
بەگوێرەی راپۆرتەکان، لە چەند کاتژمێری رابردوودا، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا دەستیکردووە بە رێکارەکانی کشاندنەوەی نزیک بە نیوەی ستافەکەی، بە ئەمریکی و عیراقیەکانیشەوە. هاوکات، هۆکاری ئەو بڕیارەی واشنتۆن بۆ مەترسی ئەمنی لەسەر بنکە و بارەگاکانیان لە عیراق دەگەڕێتەوە.


ماڵپەڕی سکای نیوزی عەرەبی بڵاویکردەوە، کە سەرچاوەیەک لە حکومەتی ئەمریکاوە پێی راگەیاندووە، رەنگە بەم نزیکانە میلیشیا نزیکەکان لە ئێران هێرشبکەنە سەر باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە ناوچەی سەوزی بەغدا و هەر بەو بۆنەیەوەیە کە دەست بە رێکاری کشاندنەوەی ستافی باڵیۆزخانەکە کراوە.

ماڵپەڕەکە وەک زانیاری ئاماژەی بەوەکردووە، کشانەوەی بەشێک لە دیپلۆماتکارەکانی ئەمریکا لە عیراق لەژێر رێنمایی راپۆرتە هەواڵگرییەکانی ئەو وڵاتەدایە و پێنتاگۆن هۆشداریداوە لە مەترسی گەورە کە رەنگە رووبەڕووی ناوچەی سەوزی بەغدا ببێتەوە.

ئەو سەرچاوەیەی حکومەتی ئەمریکا بە سکای نیوزی عەرەبی راگەیاندووە، کە واشنتۆن نایەوێت هەمان سیناریۆی ساڵی 2012ی شاری بەنغازی لیبیا دووبارە ببێتەوە کە تیایدا باڵیۆزی وڵاتەکەی کوژرا.

لە ماوەی رابردوودا، رۆژنامەی واشنتۆن پۆست بڵاویکردەوە، کە مایک پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هۆشداری لەبارەی داخستنی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەیەوە لە بەغدا بە بەرپرسانی عیراق داوە.

ئەگەرچی بەرپرسانی عیراق داوایان لە ئەمریکا کرد کە چاو بەو هەنگاوەیدا بخشێنێتەوە، بەڵام بەگوێرەی هەندێک لە زانیارییەکان واشنتۆن لە ماوەی سێ مانگدا هەنگاو بە هەنگاو باڵیۆزخانەکەی دادەخات کە لەو سێ مانگەش تەنیا مانگێکی ماوە.


AM:09:39:03/12/2020


ئه‌م بابه‌ته 1624 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت