جه‌میل بایك: با کەس فشارمان بۆ نەهێنێت و کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکەین


وێستگه‌ نیوزـ

هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە رایگه‌یاند کورد لەوە تێدەگات کە چ شتێك خزمەتی دەکات و چیش زیانی پێدەگەینێت، وتیشی: ئێمە ئامادەی گفتوگۆین بۆ چارەسەری کێشەکان، با کەس فشارمان بۆ نەهێنێت.

جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە، له‌میانی بەشداریكردنی له‌ بەرنامەیه‌كی تایبەتی ستێرک تی ڤی وتی: کاتێک هێزیان هێنایە زینێ وەرتێ، خاکورک و بەمدواییانەش گارە، گەلی کورد هەڵویستی نیشاندا، هەموو وتیان کە دژی شەڕن، کورد خۆی بە جیهان ناساندووە، هەموو باجیان داوە، مافی کەس نییە مەترسی لەسەر ئەمە دروست بکات و لەدەستی کوردی بیبات، ئێمەش قبوڵی ناکەین.

وتیشی: پێویستە کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن، هەموو توێژەکانی کۆمەڵگای کوردیش وتیان، کە کورد نەک دەبێت شەڕی یەک نەکەن، دەبێت گفتوگۆ بکەن و پشتگیری یەک بکەن، کورد ئیتر لەوە تێدەگات کە چی خزمەتی دەکات و چی زیانی پێدەگەینێت، جیهانیش بینی کە کورد خاوەنداریی لە خۆی دەکات و گەیشتووەتە قۆناغێکی نوێ.

گەلی کورد چیتر داهاتووی خۆی بە پارتێکەوە گرێ نادات، دەڵێن کە کێشەی کورد چیتر کێشەی پارتەکان نییە، پارتەکان چیتر ناتوانن وەک جاران چییان دەوێت بیکەن، ئەمەش جێی دڵخۆشیی ئێمەیە، ئێستاش کەنەکە و هەندێک ڕێکخراوی دیکە، هەوڵی پێشگرتن لە شەڕ دەدەن، ئەمە هەوڵێکی پیرۆزە.

جه‌میل بایك وتیشی "ئێمە دژی کەس نیین، بە ئاشکرا دەڵێم؛ نامانەوێت کێشەکان بە شەڕ چارەسەر بکەین، دەمانەوێت بە گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر بکەین، ئێستاش ئامادەین کۆببینەوە، دەمانەوێت خزمەتی گەلەکەمان بکەین، بۆیە نامانەوێت ئاستتەنگی بۆ کەس دروست بکەین، وەکو چون نامانەوێت کەس ئاستتەنگیمان بۆ دروست بکات، ئێمە داخوازی توێژەکانی گەل بە بنەما دەگرین کە دژی شەڕ و لایەنگری گفتوگۆن، دەمانەوێت پێکەوە دژی دوژمن بوەستینەوە، بە تایبەتیش دەمانەوێت پێشمەرگە و خەڵکی باشور لەگەڵمان بن و دژی داگیرکاری بوەستینەوە، وڵات، زەمین و بەهاکانمان بپارێزین، ئەمە خزمەتی گەلی کورد دەکات و زیاتر باشور سەربەرز دەکاتەوە.  

بایك داوایه‌كی كرد و وتی "با گەمارۆمان نەخەنە سەر و شەڕمان پێنەفرۆشن، بۆیە داوامان ئەوەی با ئەو هێزانە بچنەوە شوێنی پێشووی خۆیان، ئەمە داوای گەلی کورد و هەموو کەسێکە، هەموو دەڵێن؛ با شەڕ نەبێت، بۆیە با هەموو هێزەکان بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان و با بە گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر ببن، ڕێگای ڕاست ئەمەیە، بانگەوازییەکەی ئێمەش لەسەر ئەم بنەمایەیە."


PM:04:38:28/11/2020


ئه‌م بابه‌ته 1896 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو