ترەمپ ئامادەیه‌ واز لە دەسەڵات بهێنێت

‌دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا

وێستگه‌ نیوز ـ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ یەکەمجار ئامادەیی خۆی بۆ دەستهەڵگرتن لە دەسەڵات نیشاندا.

 
دۆناڵد ترەمپ، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە کۆشکی سپی رایگەیاند: ئەگەر ئەندامانی ئەنجومەنی هەڵبژاردن، جۆ بایدن وەک سەرۆکی ئەمریکا پەسەند بکەن، ئامادەیە دەست لە دەسەڵات هەڵبگرێت و رادەستی بکات.
 
لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە ئەگەری پەسەندکردنی بایدن بە 46مین سەرۆکی ئەمریکا، ترەمپ رایگەیاند، داننان بە شکست لەم هەڵبژاردنە قورسە، بەڵام ئەگەر بایدن پەسەندکرا ئەویش دەسەڵات رادەستدەکات.
 
ترەمپ دیسان دیموکراتەکانی بەوە تۆمەتبار کرد کە "ساختەکاری"یان لە هەڵبژاردندا کردووە و وتی: "ساختەکارییەکی گەورە لە هەڵبژاردنەکەدا کراوە". ئەوەی کە لەم وڵاتەدا کراوە بە وتەی ترەمپ "هاوشێوەی وڵاتانی جیهانی سێیەمە کە ساختەکاری زۆریان تێدا دەکرێت".
 
ترەمپ پێشتر چەندینجار لە رێگەی توویتەرەوە رایگەیاندبوو کە ئەو براوەی هەڵبژاردنەکانی سێی نۆڤێمبەرە. ترەمپ لە  لە توویتێکدا نووسیبووی: "دیموکراتە چەپە رادیکاڵەکان بە هاوبەشی لەگەڵ میدیای ساختە هەوڵی دزینی هەڵبژاردن دەدەن، بەڵام ئێمە رێگەیان پێنادەین".
 
هەروەها ترەمپ رۆژی 15ی ئەم مانگە لە توویتێکی دیکە نووسیبووی: "ئەو (جۆ بایدن) تەنیا لە چاوی میدیای هەواڵی ساختەدا هەڵبژاردنەکانی بردووەتەوە. من دان بە هیچ دانانێم. ئێمە رێگەیەکی دوور و درێژمان لە پێشە. ئەمە هەڵبژاردنێکی ساختەکراو بوو... من هەڵبژاردنەکانم بردەوە".
 
بەپێی میدیای ئەمریکی جۆ بایدن بە بەدەستهێنانی 306 ئەندامی ئەنجوومەنی هەڵبژێردراو، بووەتە 46ەمین سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە کاتێکدا ترەمپ 232 ئەندامی ئەنجوومەنەکەی بەدەستهێناوە.


PM:12:12:27/11/2020


ئه‌م بابه‌ته 1992 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت