ئایا ئۆپێک لە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بەردەوامدەبێت؟

‌فۆتۆ: گێتی

وێستگه‌ نیوز ـ
بڕیارە رێکخراوی وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت "ئۆپێک" لە 30ی تشرینی دووەم کۆببێتەوە و وادەی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەندامەکانی درێژبکاتەوە، کە لە مانگی نیسانی رابردوودا بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوتەوە رێکخراوی ئۆپیک+ بڕیاری کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی دا، هاوکات عیراقیش دەیەوێت دۆخی ئابووری و سیاسی وڵاتانی ئەندام لەبەرچاوبگیرێت.


ماڵپەڕی بلۆمبێرگی ئەمریکی لەزاری عەلی عەلاوی جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دارایی عیراق رایگەیاند، داوا لە رێکخراوی ئۆپێک کراوە دۆخی ئابووری و سیاسی وڵاتانی ئەندام لەبەرچاو بگرێت لەکاتی دەستنیشانکردنی رێژەی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت  لەجیاتی پشبەستن بە سیاسەتی "یەک پێوەری گونجا و بۆ هەموو بەرهەمهێنەران".

راشیگەیاند، "گەیشتووینەتە ئەوپەڕی ئاستی توانا و ئامادەییمان بۆ قەبوڵکردنی ئەم سیاسەتە، پێویستە وردتربن و بابەتەکە پەیوەستبکرێتەوە بە پشکی داهاتی تاکەکەس و بوونی سندوقی سامانی گشتی کە ئێمە هیچیمان نیە".

ئاماژەی بەوەشدا، کە ئەو لەجیاتی وەزارەتی نەوتی عیراق لێدوان نادات، کە لایەنی پەیوەندیدارە بۆ بڕیاردان لەسەر هەرشتێک پەیوەستبێت بە رێکخراوەکەوە، بەڵام ئەم لێدوانانە دەرخەری ناکۆکی نێوان ئەندامانی رێکخراوەکەن پێش بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی 30ی تشرینی دووەم.

عیراق دووەم وڵاتی بەرهەمهێنی نەوتە پاش سعودیە و بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە کێشەی ئابووری و دارایی بۆ دروستبوو بەتایبەتی دابینکردن و خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران.

پێشتریش بەرپرسانی باڵای ئیمارات، کە وڵاتێکی ئەندامە لە رێکخراوەکە، بەشێوەیەکی رانەگەیاندراو ئاماژەیان بە نیازی وڵاتەکەیان کرد بە کشانەوەی لە رێکخراوەکە، هاوکات نەیجیریا چەند جارێک داوای جیاکردنەوەی وڵاتەکەی کردبوو لە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت.

بریارە رێکخراوی ئۆپیک+، کە هاوپەیمانی ئۆپێکە و چەند وڵاتی تری بەرهەمهێنی نەوتی وەک روسیا ئەندامن، پاش یەک رۆژ لە کۆبوونەوەی ئۆپێک، کۆببنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر نوێ کردنەوەی رێککەوتنی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت.

لە مانگی نیسانی رابردوو ئۆپیک+ بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوتەوە بڕیاریدا بەرهەمهێنانی نەوت بە رێژەی 23٪ کەمبکاتەوە، کە سعودیە و روسیا یەکەم وڵاتبوون رێککەوتنەکەیان جێبەجێکرد.

هاوکات بڕیار وایە بەگوێرەی رێککەوتنە نوێیەکە لە کانوونی دووەمی 2021دا کۆی بەرهەمهێنانی حه‌وت ملیار و 700 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە بۆ پێنج ملیار و800 ملیۆن بەرمیل کەمبکاتەوە.


AM:10:24:27/11/2020


ئه‌م بابه‌ته 4568 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو