وەزیری تەندروستی داوایەک ئاڕاستەی هاوڵاتیان دەکات

‌د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان

وێستگەنیوز-

وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کەمبوونەوەی ژمارەی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا مانای نەمانی پەتاکە نیە، بەڵکو بە خۆپارێزی زیاتر ڤایرۆسەکە و ژمارەی گیان لەدەستدانی توشبووان کۆنتڕۆڵدەکرێت.

د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، "کەمبوونی حاڵەتەکانی توشبوون بە کۆرۆنا مانای نەمانی ڤایرۆسەکە نیە، بە خۆپاراستنمان زیاتر کۆنتڕۆڵ دەبێت و مردن کەمتر دەبێت".

بەگوێرەی ئامارەکان ئەمڕۆ پێنجشەممە 379 توشبوی نوێی کۆرۆنا لەپارێزگاکانی هەرێم تۆمارکراون و 17 توشبوش گیانیان لەدەستداوە، کۆی توشبوانیش گەیشتە 95 هەزار و 235 کەس.

ئەمڕۆش رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا لەقەزای چەمچەماڵ رایگەیاند، بڕیارە رۆژی سێشەممە 1ـی کانونی یەکەم لیژنەی باڵای روبەڕوبونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە و پرسی  رەوشی بڵاوبونەوەی پەتاکە و دەستپێکردنەوە یان درێژەدان بە پڕۆسەی خوێندن بەشێوەی ئۆنلاین تاوتوێ دەکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، سوپاسی پابەندبونی هاوڵاتیان دەکەن کە بەهۆی جێبەجێکردنی رێکارەکان ژمارەی رۆژانەی توشبون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کەمیکردوە و دوای وەرگرتنی راپۆرتی وەزارەتی تەندروستیش لەکۆبونەوەکەدا بڕیار لەسەر بەردەوام بون یان درێژەدان بە پڕۆسەی خوێندن بەشێوەی ئۆنلاین دەدرێت.


PM:11:11:26/11/2020


ئه‌م بابه‌ته 3968 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت