محەمەد حاجی مەحمود: پێویستە ناوماڵ و داهاتی خۆمان رێکبخەینەوە و چاوەڕێی بەغداد نەبین

‌محەمەد حاجی مەحمود، سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان

وێستگەنیوز-

سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند، داوا لە حکومەت و پەرلەمانی کوردستان دەکەن چی تر خۆتان تەسلیم دەستی قەدەر مەکەن و خۆتان ئیدارەی خۆتان بدەن و خۆتان ڕێکبخەن، چاوەڕێی "شۆڤێنی عەرەب" لە بەغداد مەبن، بۆیە پێویستە ناوماڵ و داهاتی ناوخۆ رێکبخرێتەوە و ئیدارەیەکی گونجاوی پێبدرێت.

محەمەد حاجی مەحمود، سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان لەپەیامێکدا کەبۆ شەش ساڵەی شەهیدبوونی عەتای کوڕی لەشەڕی داعش لە کەرکوک بڵاویکردوەتەوە باسی لەوەکردوە، لە ۲٠۱٤/۱۱/۲٦ لە باشوری کەرکوک بە بێ پشتیوانی هاوپەیمانیە نێودەوڵەتیەکان لە شەڕێکی قارەمانانەدا لە بەرامبەر هێرشێکی هێزەکانی داعش، توانی ئەفسانەی داعش تێک بشکێنن، ئەم سەرکەوتنەش بە خوێنی ژمارەیەک پێشمەرگەی قارەمان و شەهید عەتای جوانە مەرگ تۆمار کرا.

ئاماژە بەوەشکردوە، ئەمڕۆ وا ئەم یادە شەش ساڵ بەسەریدا تێپەڕ دەبێت، بۆ من وەک ڕۆژێکی ئاسایی وابوو، چونکە ئەو ڕۆژەی عەتاو هاوڕێکانی شەهید بوون، هەموو عەتاکانی تر لەسۆسیالیست و لە هێزەکانی تر هەموویان وەک عەتا وان لە لای من، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ من بیرم لێ ئەکردەوە  ئاواتی عەتاو هەموو شەهیدەکانی تریش ئەوەبوو ئەوەی کورد قارەمانانە توانیوێتی دوژمن بشکێنێ وەک هەمیشە تێکیشکاندوەو ڕاوی ناوە".

سكرتێری حزبی سۆسیالیست ئەوەشی خستوەتەڕو، "بەڵام لە دوای شەش ساڵ جگە لەوەی ئەو ناوچانە بە کەرکوکیشەوە تەسلیم بە دوژمن و بەغداد کردووە، ئێستاش ئەیانەوێ لە پێناو مشتێک پارەی تەزویری عێراقدا خوێنی شەهیدەکانیش بخرێتە ژێر پرسیارەوە..؟، بۆیە لەم یادەدا داوا لە حکومەت و پەڕلەمان و هەموولایەک دەکەم چی تر خۆتان تەسلیم دەستی قەدەر مەکەن و خۆتان ئیدارەی خۆتان بدەن و خۆتان ڕێکبخەن، چاوەڕێی شۆڤێنی عەرەب لە بەغداد مەبن".

باسی لەوەشکردوە، ناوماڵی کوردستان رێکبخەن و داهات و بەروبومی کوردستان کۆبکەنەوەو ئیدارەیەکی گۆنجاو ڕێکبخەن و شەهیدەکان ئاسودە بکەن.


PM:10:59:26/11/2020


ئه‌م بابه‌ته 1948 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو