وێستگەنیوز هەنگاوە یاساییەکانی پرۆژەی گواستنەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بڵاودەکاتەوە

‌بەگوێرەی پڕۆژەکە ساڵی داهاتو حکومەتی عێراق پابەند دەکرێت راستەوخۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم خەرجبکات

وێستگەنیوز-

دوای ئەوەی ئەمڕۆ پێنجشەممە پرۆژەی گواستنەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم  بۆسەر بەغداد بەواژۆی زیاتر لە 117 پەرلەمانتار ئاڕاستەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کرا، بڕیارە لیژنەی دارایی راپۆرتی خۆی لەسەر ئەو پرسە ئاڕاستەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بکات بەمەبەستی گفتوگۆکردنی لەناو هۆڵی پەرلەمان و دواتریش جێکردنەوەی لەناو پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی داهاتوودا.

جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە وێستگەنیوزی راگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە چوار پەرلەمانتاری کورد بەنوێنەرایەتی  زیاتر لە 117 پەرلەمانتار پرۆژەی گواستنەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم  بۆسەر بەغداد-یان ئاڕاستەی هەیسەم جبوری، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و ئەندامانی لیژنەی دارایی کرد.

ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیارە لیژنەی دارایی ئەو پرسە تاوتوێ بکات و راپۆرتی خۆی لەسەر ئامادە بکات و بەرزی بکاتەوە بۆ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، ئەوەش بەئامانجی جێکردنەوەی وەک بابەتێکی گشتی لەکۆبوونەوەکانی داهاتوی پەرلەمان یان جێکردنەوەی لەناو بڕیارێک لەجێگەی خۆی کە "بەبڕوای من جێگەی ئەم بابەتە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی داهاتووە".

جەمال کۆچەر جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە پرسی گواستنەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم  بۆسەر حکومەتی فیدڕاڵ و جێکردنەوەی لەپڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی داهاتوو بەبێ وەرگرتنی بۆچونی حکومەتی عێراق دەستەبەر نابێت، بەو پێیەی هەر پڕۆژەیەکە کە پەرلەمان کاری لەسەر دەکات ئەگەر رەهەندێکی دارایی هەبوو، پێویستە بۆچون و رەزامەندی حکومەتی پێشوەخت لەسەر بێت بۆ ئەوەی بزانرێت حکومەتی عێراق توانای جێبەجێکردنی هەنگاوێکی لەو شێوەیەی هەیە یان نا.

رۆژی 2020-6-14 رێبوار کەریم، پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، پڕۆژەیەک بۆ گواستنەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ سەر حکومەتی عێراق بۆ لایەنەکان و رایگشتی خستوەتەڕو، پڕۆژەکە لە حەوت هەنگاو پێکهاتوە و داوا دەکات لە شەش مانگی داهاتودا موچەی سەرجەم موچەخۆران کە ملیۆنێک و 256 هەزار و 850 کەسە بخرێنەسەر بەغدا.

ئەوەشی خستەڕو، دوای کردنەوەی ژمارەی بانکی فەرمانبەرانی هەرێم لە ماوەی 90 رۆژدا دیوانی چاودێری دارایی عێراق هەڵدەستێت بە بڕینی موچەی ئەو کەسانەی هەژمارەکانیان بندیوارن و  نەهاتون بۆ موچەکانیان، ئەوانیش وەک نوێنەرانی کورد بەلایانەوە گرنگە ئەم پڕۆژەیە تا کۆتایی ئەمساڵ بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، چونکە لە هەنگاوی حەوتی پڕۆژەکەدا هاتوە، کە لە پڕۆژیاسای ساڵی 2021دا حکومەتی عێراق پابەند دەکرێت بە راستەوخۆ دابەشکردنی موچەی ملیۆنێک و 256 هەزار و 850 موچەخۆری هەرێمی کوردستان.

لەکاردانەوەی ئەو هەنگاوەشدا فارس عیسا، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا راگەیاند، "ئەو پڕۆژەیە زۆر خراپە هەروەها عێراق مامەڵە لەگەڵ کوردستان دەکات وەک کیانێکی فیدڕاڵی نەک مامەڵە لەگەڵ پارێزگاکان، سەرکەوتوش نابێت ئێستا عێراق رێز لە کیانی هەرێمی کوردستان ناگرێت چۆن رێز لە پارێزگاکان دەگرێت".

باسی لەوەشکرد، ئەو بابەتە لای هەرێمی کوردستان "هێڵی سورە" بەپێی دەستوری عێراقیش، عێراق بۆی نیە مامەڵە لەگەڵ پارێزگاکانی ناو هەرێمی کوردستان بکات بەشێوەی راستەوخۆ بەڵکو دەبێت هەمو مامەڵەیەک لەرێگەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بێت.

هـ.هـ


PM:09:00:26/11/2020


ئه‌م بابه‌ته 8188 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو