حكومەتی هەرێم بەفەرمی داوای مووچەی چوار مانگ لەعێراق دەكات


وێستگە نیوز-

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بڕیاریدا نامەیەكی فەرمی بەناوی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بكات و داوای بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان بكات بۆ مانگەكانی (پێنج و شەش و حەوت و دە)ی ئەمساڵ كە ماف و شایستەیەكی ڕەوای هەرێمی كوردستانە و حكومەتی فیداڵی نەیناردووە و هیچ پەیوەندییەكی بە یاسای كورتهێنانی دارایی بۆ ساڵی 2020 ەوە نییە.

ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی وەزیران كۆبووەوە، لە دەستپێكی كۆبوونەوەكەدا و بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان ، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەوە كردەوە،  كە حكومەتی هەرێم داكۆكی لە پاراستنی مافەكانی ئافرەتانی كوردستان و سنووردان و نەهێشتنی تووندوتیژی دژی ژنان و دیاردە كۆمەڵایەتییە نەخوازراوەكان و دابینكردنی یەكسانیی كۆمەڵایەتی و جێندەری دەكات.  

بەپێی راگەیەنراوی حكومەتی هەرێم، لە تەوەری یەكەمی كۆبوونەوەكەدا دوا پێشهاتەكانی ڕێڕەوی دانوستان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی سەبارەت بە ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان خرایەڕوو، بەتایبەتیش دوای تێپەڕاندنی یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی بۆ ساڵی 2020 لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە بە بێ ئامادەبوونی فراكسیۆنە كوردستانییەكان.

مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەوە كردەوە كە هەرێمی كوردستان هەموو هەوڵێكی خۆی داوە و هەموو پابەندییەكانی خۆی بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتنێكی بنەڕەتی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی جێبەجێ كردووە و بەردەوامیشن لە گفتوگۆ.  

هەروەها ئاماژەی بەوەشدا كە حكومەتی هەرێم لایەنی فەرمی گفتوگۆیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی و بە هیچ شێوەیەك سازش لەمافە دەستورییەكان و شایستە داراییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان ناكات و وتی "دواخستنی نەناردنی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان، پێشینەیەكی مەترسییدارە و پێشێلكردنی مافە ڕەواكانی خەڵكی كوردستانە". 

هەر بەپێی راگەیەنراوەكە، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا نامەیەكی فەرمی بەناوی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بكات و داوای بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان بكات بۆ مانگەكانی پێنج و شەش و حەفت و دەی ئەمساڵ كە ماف و شایستەیەكی ڕەوای هەرێمی كوردستانە و حكومەتی فیداڵی نەیناردووە و هیچ پەیوەندییەكی بە یاسای كورتهێنانی دارایی بۆ ساڵی 2020 ەوە نییە. 

ئەنجومەنی وەزیران سوپاسی هەڵوێستی نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق جینین پلاسخارتی  كردووە كە لە وتارەكەیدا بۆ ئەنجومەنی ئاسایش، جەختی لەوە كردبووەوە فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان ، تەنیا فەرمانبەر و مووچەخۆری هەرێم نین، بەڵكو هاوڵاتی عێراقین و پێویستە بابەتی مووچە نەكرێتە بەشێك لە كێشە سیاسییەكان و نابێت بە شێوەیەكی بە كۆمەڵ بكرێنە قوربانی.  

ئەنجومەنی وەزیران داوا لە نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات پشتگیریی لە هاتنەئارای ڕێككەوتنێكی بنەڕەتی لە نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی بكەن لە پێناو دابینكردنی ماف و شایستە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان. 

ئەنجومەنی وەزیران جەختیكردەوە لە شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكان لە چوارچێوەی كارنامەی كابینەی نۆیەم و چەسپاندنی لامەركەزیەتی ئیداریی پارێزگاكان .




PM:05:19:25/11/2020


ئه‌م بابه‌ته 3492 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت