ئافره‌تێكی كوردی ته‌مه‌ن 58 ساڵ سزا درا

‌زەینەب ئیسماعیلی

وێستگه‌ نیوز ـ
ژنێکی بە تەمەنی خەڵکی شاری دێولان سەر بە پارێزگای سنە کە لە کۆتایی مانگی رەشەممەی ساڵی رابردوودا دەستبەسەر کرابوو، لە لایەن دەسەڵاتی دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حزبێکی کوردستانی سزای بەندکرانی بەسەردا سەپا.


بە گوێرەی راپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، زەینەب ئیسماعیلی، تەمەن 58 ساڵە و لە ئەندامانی دایکانی ئاشتی، لە دادگای بەرایی و بە بێ ئەوەی خۆی لە دادگا ئامادە بێ، بە تۆمەتی ئەندامەتی لە پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە، سزای پێنج ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی پڕۆپاگەندە لە دژی نیزام، سزای ساڵێک بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.

ئەم سزایە لە کاتێکدا دەچووە کە ناوبراو لە رێگای کورتەنامەی مۆبایلەوە بۆ بەشدار بوونی لە دادگا بانگ کراوە و بە هۆی ئەوەی مۆبایلەکەی بە شێوەیەکی نایاسایی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستی بەسەردا گیرابوو، لە کۆبوونەوەی دادگاکەی ئاگادار نەبووە هەر بۆیەش دادگا بە بێ ئامادەبوونی تۆمەتبارەکە بڕیاری خۆی دەرکردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بنەماڵەی دایە زەینەب، پاش ئاگادار بوون لە بڕیاری دادگا، بە دەستنیشان کردنی پارێزەر، داوای پێداچوونەوەیان تۆمار کردووە و رۆژی شەممە 21ی نۆڤەمبه‌ری 2020، دادگای پێداچوومەوە لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر سەعیدی بەڕێوە چووە.

زەینەب ئیسماعیلی رۆژی پێنجشەممە 8ی رەشەممەی (27ی فێوریەی 2020) لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی دێولانەوە دەستبەسەر و پاش مانگێک بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.


AM:11:04:22/11/2020


ئه‌م بابه‌ته 404 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت