نێچیرڤان بارزانی: خەبات و دڵسۆزیی نەجمەدین كەریم لە بیری ئێمە و خەڵكی كوردستاندا بە زیندوویی دەمینێتەوە



وێستگە نیوز-
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەبۆنەی كۆچی دوایی نەجمەدین كەریم، پارێزگاری پێشووی كەركوك رایگەیاندووە، تەمەنی گەنجیی خۆی بەخشییە شۆڕشی كوردستان و وەك پزیشكێكی لێهاتوو و پێشمەرگەیەك بەشداری لە شۆڕشی ئەیلوول و هەڵگیرساندنەوەی شۆڕشی گوڵاندا كرد و دەڵێت "خەبات و دڵسۆزیی نەجمەدین كەریم لە بیری ئێمە و خەڵكی كوردستاندا بە زیندوویی دەمینێتەوە".

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەبۆنەی كۆچی دوایی نەجمەدین كەریم پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاندووە "كۆچی دوایی د. نەجمەدین كەریم بۆ ئێمە و بۆ گەلی كوردستان هەواڵێكی خەمناك بوو، پرسە و سەرەخۆشی قوڵم پێشكەش بە هاوسەر و منداڵەكانی، كەسوكار و خزمانی و خەڵكی كەركووك و گەلی كوردستان دەكەم، هاوخەمیانم".

نێچیرڤان بارزانی وتویەتی "د. نەجمەدین كەریم، تەمەنی گەنجیی خۆی بەخشییە شۆڕشی كوردستان و وەك پزیشكێكی لێهاتوو و پێشمەرگەیەك بەشداری لە شۆڕشی ئەیلوول و هەڵگیرساندنەوەی شۆڕشی گوڵاندا كرد. لە كاتی نەخۆشكەوتنی بارزانیی نەمردا، دڵسۆزانە خزمەتی كرد. لە ئەمەریكا وەك پزیشكێكی كارامە كاری كرد بەبێ ئەوەی لە خەباتی سیاسی و دیپلۆماسی داببڕێت".

سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەكردووە "هۆگری و پابەندییەكی بێسنووری بۆ شارەكەی، كەركوك هەبوو. دوای ئەوەی بووە پارێزگار، زۆر كاری گرنگی خزمەتگوزاری بۆ كەركووك ئەنجامدا، دووركەوتنەوەشی لە كەركووك بەشێوەیەكی نائاسایی و بارودۆخی ئاڵۆزی شارەكە، كاریگەرییەكی زۆری لەسەر دروستكردبوو".

نێچیرڤان بارزانی روونیكردۆتەوە "د. نەجمەدین دڵسۆزی كوردستان و نەتەوەكەی بوو، لەبەر ئەوەش پەیوەندییەكی زۆر فراوانی لەگەڵ خەڵك و هێز و لایەنەكانی كوردستاندا هەبوو، بەتایبەتی سەرۆك بارزانی و خوالێخۆشبوو سەرۆك مام جەلال، بۆ هەموو ئەو ئەركانەش ئامادە بوو كە بەهۆی ئەو پەیوەندییە فراوانەیەوە دەكەوتنە سەرشانی، خەبات و دڵسۆزیی د. نەجمەدین كەریم لە بیری ئێمە و هەموو دۆست و ئاشنایانی و خەڵكی كوردستاندا بە زیندوویی دەمینێتەوە". 

ئەمڕۆ نەجمەدین كەریم، پارێزگاری پێشووی كەركوك بەهۆی تووشبوونی بەجەڵتەی مێشك لەوڵاتی ئەمەریكا كۆچی دوایی كرد.



PM:03:06:31/10/2020


ئه‌م بابه‌ته 1924 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو