ئه‌ڵمانیا مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی له‌ عیراق درێژكرده‌وه‌

‌فۆتۆ: گێتی

وێستگه‌ نیوز ـ

ئه‌ڵمانیا مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی له‌ عیراق تا ساڵی 2022 درێژكرده‌وه‌ و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش میدیاكانی ئه‌و وڵاته‌ زانیاری زیاتریان خستووه‌ته‌ڕوو.


میدیاكانی‌ ئه‌ڵمانیا له‌ زاری‌ وه‌زاره‌تی‌ به‌رگریی وڵاته‌كه‌یان بڵاویانكرده‌وه‌، "په‌رله‌مانی‌ ئه‌ڵمانیا پاش گفتوگۆیه‌كی‌ زۆر بڕیاریداوه‌ مانه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ له‌ عێراق بۆ ماوه‌ی‌ 15 مانگ واته‌ تاوه‌كو كۆتایی مانگی‌ كانوونی‌ دووه‌می‌ 2022 له‌ عیراق درێژ بكاته‌وه‌، به‌ مه‌رجێك رێژه‌ی‌ سه‌ربازه‌كانیان زیاتر نه‌كرێت".

نیلیس شغیمد، سیاسه‌تمه‌داری‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ ئه‌ڵمانیا رایگه‌یاند: "راسته‌ داعش رووخێنراوه‌، به‌ڵام هێشتاش چالاكن و ده‌توانن هێرش بكه‌ن وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ ده‌یبینین رۆژانه‌ له‌ عیراق رووده‌دات".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌: "له‌به‌ر ئه‌و هۆكاره‌ی‌ كه‌ باسم كرد پێویسته‌ ئه‌ڵمانیا هێزه‌كه‌ی‌ له‌ عیراق بهێڵێته‌وه‌، تا بتوانێت ئاسایشی‌ عیراق بپارێزێت، چونكه‌ بۆ ئه‌ڵمانیا عیراق وڵاتیكی‌ گرنگه‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاستدا".

هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه‌ ژوغێن هاغت، سیاسه‌تمه‌دار له‌ پارته‌كه‌ی‌ ئه‌نگێلا مێركڵ، راوێژكاری‌ ئه‌ڵمانیا ده‌ڵێت: "پێویسته‌ هێزه‌كانمان هاوشانی‌ هێزه‌كانی‌ عیراق به‌شداربن له‌ له‌ناوبردنی‌ داعش و به‌هێزكردنی‌ ئارامی‌ و ئاسایشی‌ ئه‌و وڵاته‌".

مانه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌ڵمانیا له‌ عیراق له‌ چوارچێوه‌ی‌ هاوپه‌یمانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ دژی‌ داعشدایه‌ به‌ رێبه‌ری‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ ئه‌مریكا.


AM:10:39:30/10/2020


ئه‌م بابه‌ته 808 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت