ماکرۆن 7 هەزار سەرباز بڵاوەپێدەکات

‌ئەمڕۆ لە شاری نیس-ی فەڕەنسا سێ کەس کوژران

وێستگەنیوز-

سەرۆک کۆماری فەڕەنسا رایگەیاند، دوای روداوەکەی ئەمڕۆی شاری نیس، بڕیاریداوە بە بڵاوەپێکردنی 7 هەزار سەربازی فەڕەنسی بەمەبەستی پاراستنی هاوڵاتیان و پارێزگاریکردن لە پەیڕەوکردنی ئەو بیروباوەڕەی هاوڵاتیانی فەڕەنسی پەیڕەوی لێدەکەن.

ئیمانیۆل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەڕەنسا سەردانی ئەو شوێنەی کرد کە ئەمڕۆ لە شاری نیس هێرشکرایە سەر چەند کەسێک و لەئەنجامدا سێ هاوڵاتی کوژران، لە پەیامێکیشدا رایگەیاند، جارێکی دیکە شاری نیس کرایە ئامانج و بێگومان ئەوەش بەئامانجگرتنی هەمو فەڕەنسایە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، بەهۆی ئەوەی ئەمڕۆ بۆ سێیەمجار شاری نیس کرایە ئامانجی تیرۆرستان، لە ئازارەکانیان تێدەگەن و بڕیار و رێکاری چڕتر دەگرنبەر بۆ پاراستنی ناوەندەکانی پەرستن و خوێندنگاکان، چونکە ئامانجی هێرشەکان لێدانە لە بەها و ئازادییەکانی گەلی فەڕەنسا.

16ـی ئەم مانگە گەنجێکی پەنابەر بەناوی عەبدوڵا ئەنزورۆف بە رەگەز چیچانی بەچەقۆ مامۆستایەکی بەشی مێژوی سەربڕی، دوای ئەوەی مامۆستاکە وێنەی کاریکاتێری پێغەمبەر ئیسلام (د.غ) نیشانی خوێندکارەکانی دابو، روداوەکەش کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتوەتەوە.

پاش ئەو روداوەش لە وڵاتی فڕەنسا رێگەدرا بە بڵاوکردنەوەی کاریکاتێری پێغەمبەری ئیسلامی (د.خ) لەسەر دیواری باڵەخانەکان و تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی، ئەوەش نیگەرانی مسوڵمانانی جیهانی لێکەوتەوە و لەلایەن بەشێک لە هاوڵاتیان و کەسایەتیە سیاسیەکانەوە هێرشکرایە سەر ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فڕەنسا.


PM:11:39:29/10/2020


ئه‌م بابه‌ته 1820 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو