لەماوەی چوار مانگدا داعش 566 هێرشی ئەنجامداوە


وێستگە نیوز-

بەپێی ڕاپۆرتێكی پەیمانگای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەماوەی چوار مانگی ئەمساڵدا رێكخراوی داعش 566 هێرشی ئەنجامداوە كە بەشێكی زۆریان لەسنوری ناوچە كێشە لەسەرەكان بووە، بەرپرسێكی وەزارەتی پێشمەرگەش نەبوونی هەماهەنگی ئەمنی نێوان پێشمەرگە و هێزەعێراقییەكان بەهۆكاری ئەو هێرشانە دەزانێت.

لیوا قارەمان شێخ كەمال، جێگری سەرۆكی ئەركان لەوەزارەتی پێشمەرگە بۆ ئۆپەراسیۆن بەوێستگەنیوزی راگەیاند، بەهۆی بوونی ئەو بۆشاییە بەرفراوانەی لەنێوان هێزەكانیاندایە و جێگیركردنی  هێزێكی كەمی عێراقییەكان  جموجوڵەكانی چەكدارانی داعش لەو ناوچانە زیادیكردووە بەتایبەت ناوچە سووننە كوردنشینەكانی دیالەو باشوری كەركوك، لەبەرئەوەی داعش زیاتر چاوی لەو ناوچانەیە و بەئاسانی دەتوانن خۆیان حەشار بدەن. 

ناوبراو روونیكردەوە، تائێستاش ئەم كێشەیە چارەسەر نەكراوە لەنێوان هێزەكانیان، بۆ ئەو مەبەستەش چەند كۆبونەوەیەك ئەنجامدراوە لەنێوان وەفدی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری عێراق، لەكۆتا كۆبوونەوەشدا بڕیار دراوە سەربازگەی هاوبەش و ئۆپەراسیۆنی هاوبەش ئەنجام بدرێت لەو ناوچانەی لەڕووی ئەمنیەوە گرنگن، ئۆپەراسیۆنەكەش لەناوچەكانی پارێزگای دیالەوە بۆ ناوچەكانی دیكە دەست پێبكرێت".

لیوا قارەمان وتی "ئەگەر ئەو هەماهەنگیە دروست نەبێتەوە ئەوا جارێكی دیكە چەكدارانی داعش لەو ناوچانە بەئارەزووی خۆیان كردەوەی تیرۆرستی ئەنجام دەدەن و زیاتریش خۆیان رێكدەخەنەوە".

وەك لیوا قارەمان باسیكرد، چەكدارانی داعش لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی پێشمەرگەدا نین، بەڵكو لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی وەزارەتی بەرگری عێراقن، چالاكیەكانیشیان بەگشتی بریتین لەفڕاندنی خەڵك و دانانی بۆمب بۆ هێزە ئەمنییەكان و هێرشكردنە سەر هێزەكانی حەشدی شەعبی و عێراقییەكان هەندێجار لەژێر دەسەڵاتی هێزە عێراقییەكانەوە دێن بەرەو هێزەكانی پێشمەرگە". 
بەپێی پێشبینییەكانی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، لەئابی ڕابردوودا ژمارەی چەكدارانی داعش ئێستا نزیكەی 10 هەزار كەسەو لەچەندین ناوچەی جیاوازی عێراقدا بڵاوبونەتەوە بەتایبەتیش لەو ناوچەیەی بەسێگۆشەی مەرگ ناودەبرێت و چاوەڕێی تێكچوونی دۆخی عێراق دەكەن بۆ دەستكردنەوە بەچالاكیەكانیان.


PM:02:45:29/10/2020


ئه‌م بابه‌ته 1376 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو