محەمەد حاجی مەحمود: دەرچوونەوەی ترەمپ كارەساتی گەورەی بەدواوەیە

‌محەمەد حاجی مەحمود


وێستگە نیوز-

محەمەدی حاجی مەحمود، سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان پشتگیری خۆی بۆ دەرچوونی جۆبایدن كاندیدی دیموكراتەكان بۆ سەرۆكایەتی ئەمەریكا دەربڕی و پێیوایە دەرچوونەوەی ترەمپ كاندیدی كۆمارییەكان كارەساتی گەورەی بەدواوەیە.

محەمەد حاجی مەحمود سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان رایگەیاندووە، رۆژی 3ی 11 چەند ڕۆژێكی دیكە ڕۆژی هەڵبژاردنی ئەمریكایە، زۆر لە وڵاتان و كەسایەتی و زۆری لایەن و حزب و ڕێكخراو تەحلیل دەكەن، كە كێ باشە بۆ ئەمریكا و جیهان لە نێوان ترامپ و بایدندا، ئەو پێیوایە هەر كوردێك لە كوردستانی باشور ئەو پرسیارە بكات بە هەڵەدا چووە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "حزبەكەی ترامپ لە حزبەكەی بایدن بۆ كورد باشتر بوو، بەڵام ترامپ لە هەردوو حزبەكە بۆ كورد خراپتر بوو. ترامپ دەبابە و چەكی دوا مۆدێلی تەكنەلۆجیای دا بە عێراق و دژی كورد وەستایەوە، پێشمەرگە بە چەكی ئەمریكی ترامپ و ئەمری پەڕڵەمان و بەجێبەجێكردنی عەبادی، كەركوك و خانەقین و دوس و داقوق و دبس و مەخمور و عەین زالە و سنجاریان تەسلیم بە عەرەب كردەوە و كورد % 51 خاكی كوردستانی لە دەستدا".

محەمەدی حاجی مەحمود روونیكردۆتەوە "لە خاكی كوردستانی سوریاش عەفرین و سەرێكانی و زۆر ناوچەی دیكەی بە ڕەسمی تەسلیمی توركیا كرد لە ڕێگای نوێنەری تایبەتی خۆیەوە و ئێستا بەشێكی زۆری كوردستانی ڕۆژئاوا تەسلیم بە توركیا كراوە لەسەر دەستی ترامپ، بۆیە لەم ڕاستییانە نە كورد خۆی بە گێل بزانێ و نە ئەوانیش بە گێل بزانێت".

هەروەها وتویەتی "لە سەردەمی دەسەڵاتی ترامپدا كۆرۆنا زیاتر لە 200 هەزار هەزار كەسی لە ئەمریكا كوشتووە و زیاتر لە نۆ ملیۆن تووشبووە، بۆیە دەرچوونەوەی ترامپ كارەساتی گەورەتری بە دواوەیە و لە هەموو حاڵەتەكاندا هەر چەندە كورد ڕەنگە ئەو ژمارەیە نەبێت گۆڕانكاری گەورە لەسەر هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا دانێت یان بكات، بەڵام هەموو كورد یا هەر كوردێك لە هەر كوێی جیهان بێت ئەبێت پشتیوانی لە بایدن بكات، هیوادارین خەڵكی ئەمریكاش دەرك بەو ڕاستییانە بكەن هەر چەندە سیاسەتی ئەمریكا دامەزراوەییە و گۆڕانی زۆر تێدا ناكرێت، بەڵام كەسایەتی سەرۆك ئەتوانێ ڕاڕەوەكە بگۆڕێت لەوەی ئێستا هەیە".


PM:06:05:28/10/2020


ئه‌م بابه‌ته 2568 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو